هاوژینی محەممەد ماملێ کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامینە مەولوودیان، هاوژینی هونەرمەندی نێوداری کوردستان محەممەد ماملێ، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
وریا ماملێ، کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەد ماملێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کۆچی دواییکردنی دایکی راگەیاندووە و نووسیویەتی: "دایکم (ئامین مەولوودیان) هاوژینی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەممەدی ماملێ، کاژێر 3ی سەرلەبەیانی بە کاتی مەهاباد، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی (30ی ڕێبەندانی 1399بەرانبەر بە 18-2-2021) کۆچی دوایی کرد.
ئامین مەولوودیان کچی محەممەد مەولوودیانە کە ناسراوبوو بە "حەمەدی مەولوودە چرچی" و یەکێکبوو لە ئەفسەرە بەناوبانگەکانی کۆماری کوردستان.
ئامینەخان تاوەکو پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە و دوو جار هاوسەرگیری کردووە. یەکەمجار ساڵی 1951 لەگەڵ ئەسعەدی خودایار هاوسەرگیری کردووە و کوڕێک و کچێک بەرهەمی ژیانیان دەبێ بە ناوەکانی "سولەیمان خودایار" و "رووناک مەولوودیان-خودایار".
لە پاش مەرگی ئەسعەدی خوادیار، لە ساڵی 1964 ئامینە خان لەگەڵ هونەرمەند محەممەد ماملێ هاوسەرگیری دەکات،. کچێک و چوار کوڕیش بەرهەمی ژیانیان دەبێ بە ناوەکانی شەهیدی لە سێدارەدراو عەبدولڕەحیم (نەجات)، شەونم، وریا، چالاک و چیا.