کەشناسی: ئەم ساڵ زۆرترین باران لە هەڵەبجە و کەمترین لە کەرکووک باریوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم وەرزەی بارانباریدا تاوەکو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر 396 ملیمەتر، لە سلێمانی 436 ملیمەتر، لە دهۆک 448.4 ملیمەتر، لە هەڵەبجە 517 ملیمەتر و لە کەرکووکیش 200 ملیمەتر باران باریوە.
لەبارەی کەشوهەواوە، لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەگەری نمەبارانی کەمی پچڕپچڕ هەیە و بەفرێکی کەمیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی بەیانیی لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک تەم دەبێت، دوای نیوەڕۆش نمەبارانێکی کەم لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک دەبارێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە ئەمڕۆ دوایین رۆژیەتی و تاوەکو شەو ئەگەری بارانبارین لە سلێمانی و دەوروبەری هەیە.
محەممەد کەمال گوتی، سبەی پلەی گەرما دوو پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با ئاسایی دەبێت. گوتیشی، "رۆژی سێشەممە شەپۆلێکی بارانی مامناوەند هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە کەشوهەوا خۆش و ئاسایی دەبێتەوە".
پلەی گەرمای شارەکان بۆ رۆژی دووشەممە:
هەولێر: 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی
دهۆک: 16 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
سۆران: 9 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 4 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی