28ـی شوبات لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی سزاکانی هاتووچۆ کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ 

28ـی ئەم مانگە دوایین کاتە بۆ لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزی سزاکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر داوا لەو کەسانە دەکات پارەی سزای هاتووچۆ قەرزدارن پێش ئەو کاتە سەردانیان بکەن و سوودمەندبن لە داشکاندنەکە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەر شوفێر یان هاووڵاتییەک دەیەوێت سوودمەند بێت لە داشکاندنی سزای هاتووچۆ، پێش تەواوبوونی کاتەکە سەردانیان بکات.
 
لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی سزاکانی هاتووچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە شەش مانگ لەمەوبەر دەرکراو و تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە 10-9-2023، بڵاوکرایەوە بڕیاردرا، لێخۆشبوونەکە لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام بێت. 
 
ئەوکات بڕیاردرا هەر کەسێک لە دوای 28ی شوبات، سزای ماددی هاتووچۆی بکەوێتە سەر و لە ماوەی مانگێک پارەکە نەدات، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە، بەڵام رۆژی 22-01-2024 وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دووهێندەکردنی سزاکانی هاتووچۆ، راگیراوە.