بارانبارین و لافاو لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاستەنگی دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی شاری گیلانی رۆژئاوای پارێزگاکە دەڵێت، پردێکی نێوان ئەو شارە و ناحیەی سومار رووخاوە.
 
ئەمجەد ئەفسەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی شاری گیلانی رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕی دوو رۆژی رابردووەوە پردی نێوان شارەکە و ناحیەی سومار رووخاوە و ئێستا هاتووچۆ لەو رێگەیەوە بە تەواوی وەستاوە.
 
ئەمجەد ئەفسەری ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووخانی پردەکەوە رێگەی هاتووچۆی پێنج گوند و هەروەها رێگەی نێوان دەروازەی سنووری سومار لەگەڵ ناوەندی شاری گیلانی رۆژئاوا داخراوە.
 
گیلانی رۆژئاوا شارێکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کرماشان کە لەگەڵ خانەقین و جەلەولای باشووری کوردستان هاوسنوورە.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی گیلانی رۆژئاوا گوتی، ئێستا بەهۆی رووخانی پردەکەوە لە رێگەی نێوان گیلانی رۆژئاوا- ئێوانەوە هاتووچۆ دەکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بارانبارینی بەخوڕ، هەورە برووسکە و لافاو زیانی بە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە رێگەوبانەکانی پارێزگاکە گەیاندووە.
 
بە گوێرەی کەشناسیی پارێزگای کرماشان، لە 72 کاژێری رابردوودا نزیکەی 60 ملیمەتر باران لە پارێزگاکە باریوە و زۆرترین بارانیش لە شاری پاوە بووە کە گەیشتووەتە 104 ملیمەتر.
 
کەشناسیی کرماشان دەڵێت، لە 72 کاژێری رابردوودا لە گیلانی رۆژئاوا زیاتر لە 46 ملیمەتر بارانبارین هەبووە و لە ئەمڕۆوە کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێتەوە.