سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی: فەرمانی لەفە و مام لەتیف دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی هەشت کەسی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لەوانە کەسایەتییەکی ناسراوی سۆشیاڵمیدیایە بەناوی "فەرمانی لەفە".
ئەمڕۆ سێشەممە 18-02-2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو هەشت کەسەی دەستگیرکراون دوو کەس بە ناوەکانی فەرمانی لەفە و مام لەتیف هەن".
ئەو دوو تۆمەتبارە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسراون، هەفتەی رابردوو لە لایڤی تیکتۆکدا ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە و چەند وشەیەکی نەشیاویان دژی یەک بەکارهێنا، بەڵام دواتر فەرمانی لەفە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا پەشیمانی دەربڕی و داوای لێبووردنی لە خەڵک و ئەوانە کرد گوێیان لە قسەکانی بووە.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بە بڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکران، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە".
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاسا و بە بڕیاری دادوەر رووبەڕووی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.