قایمقامەکانی پێنج شاری پارێزگای سنە گۆڕدران
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، قایمقامەکانی شارەکانی سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە و بیجار گۆڕدران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025 بە بڕیاری ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، سەیدغەریب سەجادی لە شوێنی حەسەن عەسکەری قایمقامی پێشووی سنە، زیا نەعمانی، لە شوێنی جەعفەر تەوان، قایمقامی پێشووی سەقز دەستبەکار بوو.
کامیار میرزایی، لە شوێنی کیانووش سەقەفی نیا، قایمقامی پێشووی کامێران، ناسیح محەممەدخانی لە شوێنی سەیدجەواد حوسێنی، قایمقامی پێشووی دیواندەرە و کازم کازمی لە شوێنی محەممەدحوسێن موحیبیان، قایمقامی پێشووی بیجار، دەستبەکار بوون.
پێشتر بە بریاری پارێزگاری سنە، قایمقامی شارەکانی دێوڵان و بانە دەستنیشانکرابوون و بە دیاریکردنی پێنج قایمقامی نوێ، گۆرانکاری لە پۆستی قایمقامی 7 شاری پارێزگاکە کراوە.
ئێستا لە پارێزگای سنە، تەنیا پۆستی قایمقامیەتی سێ شاری سەوڵاوا، مەریوان و قوروە یەکلانەکراونەتەوە.
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، رووبەری پارێزگای سنە 29 هەزار و 619 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەش زیاتر لە یەک ملیۆن و 689 هەزار کەسە.