ئاوی ژێرزەویی عێراق: لە هەندێک ناوچەدا ئاستی ئاوی ژێرزەوی 100 مەتر دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق دەڵێت، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادبوونی گوشار لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە عێراق و باشووری کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە هەندێک ناوچەدا دابەزینەکە گەیشتووەتە 100 مەتر.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، د. مەیسەم عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ناوچەکانی گوێڕ (پارێزگای هەولێر)، شێخان (دهۆک)، شنگال و تەلەعفەر (نەینەوا)، هەروەها دەوروبەری کەرکووک، ئاستی ئاوی ژێرزەوی 60 بۆ 70 مەتر و لە هەندێک شوێنیش تاوەکو 100 مەتر دابەزیوە."
مەیسەم عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاکانی نەجەف، موسەننا، کەربەلا، سەڵاحەدین و دیالەش هەمان کێشەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوییان هەیە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای لەسەرە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی دەڵێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا خواست لەسەر ئاوی ژێرزەوی بۆ مەبەستی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە، بە جۆرێک ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ چاندنی گەنم، جۆ و گەنمەشامی، پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەویی باس لەوە دەکات، ئەوان لە رێگەی ئامێری پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییەوە چاودێریی ئاستی ئاوی بیرەکان دەکەن و لە زۆرینەی حەوزە ئاوییەکاندا ''دابەزینێکی مەترسیدار'' تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەوی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵکەندنی بیری نایاسایی چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر.
د. مەیسەم لەوبارەیەوە گوتی: "سزای دارایی بۆ هەر بیرێکی نایاسایی سێ بۆ چوار ملیۆن و 300 هەزار دینار دیاریکراوە. جگە لەوەش، ئامێری GPS لەسەر ئامێرەکانی بیرهەڵکەندن جێگیرکراوە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی ئەو ئامێرانە و بۆئەوەی هەرکات چوونە هەر شوێنێک بۆ هەڵکەندنی بیر ئەوان ئاگادار بن و شوێنەکە دیاری بکەن بۆ رێگریکردن لە بیری نایاسایی".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی باسی لەوە کرد کە ئێستا کار لەسەر یاسایەکی نوێ دەکەن بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی کە ''سزای تووند''ی تێدایە بۆ سەرپێچیکاران و گوتی: "لەگەڵ ئەنجوومەنی وزە و ئاو کۆبووینەتەوە بۆ پەلەکردن لە پەسندکردنی رێنماییە نوێیەکان کە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی مسۆگەر دەکات."
د. مەیسەم جەختی لە بوونی هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "کێشەی دابەزینی ئاو لە هەرێمی کوردستانیش زۆر جیدییە و پێویستمان بە کارکردنی پێکەوەییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سامانە ستراتیژییە."
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ساڵی 2025ی بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دیاریکرد کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەڕووی ئاوەوە.