ئەو حاجییانەی پار بەناچاری بەڕێگەی وشکانی گەڕانەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە قەرەبووکردنەوەی ئەو حاجیانەی ساڵی رابردوو بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل نەیانتوانی بە فڕۆکە بگەڕێنەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە رایدەگەیێنێت، زیاتر لە سێ هەزار حاجی لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی، بڕیاردرا بە قەرەبووکردنەوەی ئەو حاجیانەی ساڵی رابردوو بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکە و هەندێک گرفتی تەکنیکی، ناچاربوون بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان."
بەگوتەی کاروان ستوونی، بڕی 80 هەزار دینار بۆ هەر حاجییەک وەک قەرەبوو دیاریکراوە. ژمارەی ئەو حاجیانەی کە ئەم بڕە پارەیەیان بۆ دەگەڕێتەوە، دەگاتە نزیکەی سێ هەزار و 400 حاجی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەکە دەستپێدەکات.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی قەرەبووەکە، کاروان ستوونی گوتی، "پێویستە حاجییەکە خۆی یان کەسێکی نزیکی بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادە بێت، بۆ ئەوەی پەنجەمۆر لە شوێنی وەرگرتنی پارەکە بکات، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی پارەکە دەگاتە دەستی خاوەنە راستەقینەکانیان."
پار گەڕانەوەی حاجیان هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، حکومەتی عێراق ئاسمانەکەی بەڕووی گەشتی فڕۆکە داخست، بۆیە ئەو حاجیانەی بە فڕۆکە گەشتی سعودیەیان کردبوو، ناچار بوون بە رێگەی وشکانی بە پاس بگەڕێنەوە.