وەزارەتی کارەبا: ئەوانەی گومانیان لە پارەی کارەباکەیان هەیە سەردانمان بکەن


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رەتیناکاتەوە هەڵە لە هەژمارکردنی کرێی کارەبای هاونیشتمانییان رووبدات و دەڵێت، هەرکەسێک گومانی لەو بڕە پارەیە هەیە کە بۆی دیاریکراوە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-02-2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لە دهۆک سەبارەت بە پڕۆژەی (رووناکی) و گلەیی هاونیشتمانییان لە "گرانیی" کارەبا رایگەیاند، پرسی دیاریکردنی نرخی کارەبا پەیوەندیی راستەوخۆی بە خەرجییەکان و بڕی بەکارهێنانەوە هەیە.
 
نرخی کارەبای رووناکی لە قۆناخی یەکەمدا بۆ بەکارهێنانی 400 کیلۆوات، 72 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک دیاریکراوە و لە قۆناخی دووەمدا کە بەکارهێنانی 400 کیلۆواتی دووەمە، 108 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک هەژمار دەکرێ. بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، قۆناخی یەکەم و دووەمی بەکارهێنان، نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتە، ''ئەگەر نا، تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر لەوە زیاترە.''
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە سەختیی بەرهەمهێنانی کارەباش کرد کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و گوتی: ''ئەو سەرچاوە وزەیەی کە دەکرێتە کارەبا، نزیکەی 60٪ـی بەفیڕۆ دەچێت، '' 35٪ بۆ 40٪ـی بەهۆی سەختیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و لەکاتی گواستنەوەشدا بۆ هاوبەشان نزیکەی 10٪ بۆ 15٪ـی دیکە بەفیڕۆ دەچێت کە ئەوەش خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات.''
 
ئومێد ئەحمەد سەبارەت بە گلەیی هاونیشتمانییان، زۆریی تێچووی کارەبا (رووناکی) بۆ ئەم مانگە دەبەستێتەوە بە زۆر بەکارهێنان و دەڵێت، ''پڕۆژەی رووناکی پەیوەستە بە کۆنترۆڵی خواستەوە. بەگوێرەی داتاکانی بەردەست، لە ساڵەکانی 2004 تاوەکو 2025، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان حەوت هێندەی تاکێکی ئەورووپی و چوار هێندەی تاکێکی وڵاتانی دراوسێ کارەبای بەکارهێناوە.''
 
 
یەکێک لە هاونیشتمانییانی خەڵکی دهۆک لە دیدارەکەدا باسی لەوە کرد، لە شەش مانگدا 300 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ هاتووە، لەکاتێکدا ئەم دواییانە لە ماوەی 22 رۆژدا نزیکەی 700 هەزار دیناری بۆ هاتووەتەوە و ''دڵنیایە'' هەڵەیەک روویداوە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رەتی ناکاتەوە کە لەوانەیە ژمارەیەک لە هاوبەشان بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە پارەی زیاتریان بۆ هاتبێتەوە، ''ئێمە لە وەزارەت رامانگەیاندووە ئەگەر هەر کەسێک گومان دەکات یان دڵنیایە لەوەی هەڵەیەک روویداوە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا بکات، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێ''.
 
هاوکات ژمارەیەک لە هاوبەشانی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، گلەیی لەوە دەکەن کە لەکاتی خۆیدا پسوولەی کارەبایان بۆ ناچێت و ئەوەش دوای چەند مانگێک، بۆ پێدانی پارەی کارەبا، بارگرانی دروست دەکات. ئومێد ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت، سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کارەبا راسپێردراون بۆ ئەوەی گرفتەکە چارەسەر بکەن، ''هەروەها ئەگەر کاتێکی زۆر بەسەر وادەی هاتنی پسوولەی کارەبادا تێپەڕی، پێویستە هاوبەشان خۆیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا بکەن، بۆ ئەوەی دواتر بارگرانییان لەسەر دروست نەبێ.''
 
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها چەند شارێکی دیکە لەوانە سۆران و رانیە کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، بەڵام هەندێک لە هاوبەشان گلەییان لە نرخی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا هەیە.
 
وەزارەتی کارەبا و حکومەتیش رەتیدەکەنەوە نرخی کیلۆواتی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا گران بێت و دەڵێن، هاوبەشان کارەبای زیاتریان بەکارهێناوە بۆیە پارەی زیاتریان بۆ هاتووەتەوە.