لە رێگەی دووکان - سلێمانی ئۆتۆمبێلێک سووتا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سووتانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی دووکان- سلێمانی دوو کەس گیانیان لەدەستدا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان دیار نییە.
 
رووداوەکە کاژێر 19:40 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026، لەسەر رێگەی دووکان-سلێمانی روویداوە. دوای بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلەکە دوو کەسی تێدا بووە و تەقیوەتەوە کە یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
یەکێک لە بریندارەکان گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەگوتەی بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، بریندارەکەش گیانی لەدەستداوە.
 
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری لاندکرۆزەرە و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هی بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە کە لەکاتی رووداوەکەدا دوو پێشمەرگەی تێدا بووە.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەی پیشمەرگەکان دیار نییە و لە داهاتوودا راگەیێندراوێک لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە بڵاو دەکەنەوە.
 
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی هیچ وردەکارییەکیان لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن.