لە لیتوانیاوە بۆ سلێمانی؛ یودیتا وێنەیەکی جیاوازی کوردستان نیشانی جیهان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یودیتا گابریۆنایتێ، نووسەرێکی لیتوانییە و باس لە ئەزموونی ژیانی لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت، لە رێگەی کتێبێکەوە وێنەیەکی جیاوازی کولتوور، خێزان و ناسنامەی کوردی بۆ جیهان دەگێڕێتەوە.
یودیتا کتێبەکەی بەناوی "کوردستان بە چاوی لیتوانییەکەوە: بیرەوەرییەک لەبارەی خۆشەویستی، لەدەستدان و ئینتیما لەودیوی سنوورەکان" نووسیوە و لە کتێبەکەیدا باسی ئەزموونەکانی خۆی وەک ژنێک دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، تیشک دەخاتە سەر لایەنەکانی کولتوور، خێزان و ناسنامە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، یودیتا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"، پەردەی لەسەر چیرۆکی ژیانی لادا و باسی لەوە کرد چۆن نامەیەکی هاوژینە کوردەکەی لە ساڵی 2016ـدا ژیانی گۆڕی.
یودیتا دەڵێت، پێش ئەوەی هاوژینەکەی بناسێت، ناوی کوردستانی نەبیستبوو و وای دەزانی ئەم ناوچەیە (عێراق و سووریا) شوێنی مەترسیدارن.
ئەو دەڵێت: "هەرگیز خەونم بەوەوە نەدەبینی بێمە کوردستان، بەڵام کاتێک هاوژینەکەمم ناسی، ئەو لە دانیمارک هەموو رۆژێک گۆرانیی کوردی لێدەدا و جوانییەکانی نیشتمانەکەی نیشان دەدام، تاوەکو بڕیارم دا بێم و لێرە بژیم."
ئەو نووسەرە لیتوانییە ئاماژە بەوە دەکات، خێزانەکەی و دەوروبەری پێیان گوتووە "تۆ شێتی دەچیتە عێراق"، چونکە 8 ساڵ لەمەوبەر کەس لە لیتوانیا نەیدەزانی کوردستان چییە.
ژیان لە سلێمانی؛ چا و گوڵەبەڕۆژە
یودیتا لە کتێبەکەیدا تیشک دەخاتە سەر ژیانی رۆژانە لە سلێمانی و دەڵێت ژیان لەو شارە جیاوازە. یەکێک لەو شتانەی سەرنجی راکێشاوە، گۆڕانی سیستەمی خۆراکی بووە: "لە کولتووری ئێمەدا بەیانیان قاوە دەخۆینەوە، بەڵام لێرە هەموو کاتێک باسی ماست، چا و گوڵەبەڕۆژەیە."
سەرەڕای خۆشەویستیی بۆ کوردستان، یودیتا رەخنەش دەگرێت؛ ئەو دەڵێت زۆر خەمبار دەبێت کاتێک دەبینێت پاشماوەی پلاستیک لە دەرەوە فڕێ دەدرێت، یان لە چێشتخانەکاندا بڕێکی زۆر خواردن بەفیڕۆ دەدرێت و دەڕژێنرێت، لە کاتێکدا لە جیهاندا خەڵک هەن نانیان نییە بیخۆن.
هونەری تاتۆ و "خاڵکوتی"
یودیتا تەنیا نووسەر نییە، بەڵکو وەک هونەرمەندێکی تاتۆش لە سلێمانی کاری کردووە. ئەو دەڵێت: "من لە سلێمانی فێری تاتۆ بووم، دواتر دەستمکرد بە خوێندنەوەی مێژووی خاڵکوتی. زۆر سەرنجڕاکێش بوو بۆم، کە هەر خاڵێک و نەخشێکی سەر جەستەی ژنانی بەتەمەنی کورد، مانایەکی قووڵی لەپشتەوە بووە و لە کتێبەکەشمدا باسم کردوون."
یودیتا لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی هاوژینەکەی و خێزانی هاوژینەکەی دەکات، کە وایان کردووە بێتە کوردستان و ئەم کولتوورە بناسێت. ئەو دەڵێت: "سوپاس بۆ خەڵکی کوردستان کە منیان قبووڵ کرد."