هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا: لەگەڵ سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆمان لەبارەى پەیوەندى هاوبەش کردووە


 رووداو دیجیتاڵ

 هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق راگەیاند، لەگەڵ سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لە بارەى پەیوەندى هاوبەش بۆ پاراستنى سەروەریى عێراق کردووە و جەختى کردەوە کە هەموو ئامرازەکان بۆ رێگرى لەو چالاکیانەى ئێران بەکاردەهێنن، کە سەقامگیریى عێراق تێکدەدەن.  
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس، کە رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕینەری باڵیۆزخانەکەیان، گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی هاوبەش بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمى و بەهێزکردنی رایەڵە ئابوورییەکان.
 
جۆشوا هاریس جەختی کردەوە لە پابەندبوونی ئەمریکا بە پاڵپشتیکردنی عێراقێک کە سەروەریی تەواوی هەبێت و لە دۆخێکی سەقامگیر و گەشەسەندوودا بێت، لەگەڵ دامەزراندنی هاوبەشییەکی بەهێزی ئەمریکا و بەردەوام لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەستپێکراوی ئەمریکی و عێراقییەکان بشکێتەوە.
 
ئەو نووسینەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دواى ئەوە بوو کە چوارشەممە جۆشوا هاریس لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسرور بارزانی ، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی نووسینەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، جۆشوا هاریس لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو ئەو ئامرازانە بەکاربهێنێت کە لەبەردەستیدایە بۆ رێگری لەو چالاکییانەی ئێران کە سەقامگیریی عێراق تێکدەدات، لەکاتێکدا سەرکردە عێراقییەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چوارچێوەیەکی سیاسیی تەواو سەربەخۆ پەرە پێبدەن، کە لە توانایدا بێت بەرژەوەندیی عێراق بخاتە پێش.