لە کەرکووک بڕیاردرا پێکهاتەکان لە مەرجی سەرژمێریی 1957 بۆ دامەزراندن بەدەر بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشنیازێکی پەسەند کرد بۆ ئەوەی ئەو پێکهاتانەی لە شارەکە دادەمەزرێنرێن لە مەرجی سەرژمێریی 1957 بەدەر بکرێن.
ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پەسەند کراوە، لەسەر پێشنیازی ئەنجێل زیبا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە.
لە کۆی 10 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هەشتیان دەنگیان بۆ پەسندکردنى پێشنیازەکە داوە.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دەنگی بە پێشنیازەکە نەداوە، بە رووداوی گوت: "بەداخەوە پێشنیازەکە بە دەنگی زۆرینە تێپەڕی، ئەوە دەرگا بۆ ئەوە دەکاتەوە کە لە ساڵانی داهاتوودا پێکهاتەکانی دیکە لە کەرکووک نیشتەجێ بن بۆ ئەوەی نەوەکانیان دابمەزرێنن".
سەرژمێریی ساڵی 1957 بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور بنەمایە بۆ دیاریکردنی دانیشتووانی رەسەنی کەرکووک و جیاکردنەوەی لەوانەی هاوردەن.
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: "ئەگەر کەسانی پێکهاتەکان خەڵکی رەسەنی کەرکووک بن، مافی خۆیانە دابمەزرێنرێن، لە کۆبوونەوەکە پرسیاری ئەوەم کرد کە ئایا رێگە دەدرێت لە خانەقینەوە کوردی فەیلی بهێنرێت و رێگەیان پێ بدرێت لە کەرکووک دابمەزرێنرێن؟".
دوایین سەرژمێری لە کەرکووک لە ساڵی 2024 کرا، بەڵام رەسەنایەتیی دانیشتووانەکەی بەگوێرەی سەرژمێریی 1957 جیا نەکراوەتەوە، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەو سەرژمێرییە و پەسندکردنی.
هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو پێشنیازە تەنیا بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانە دەبێت بە گرێبەست کە بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا رابگەیەنرێت".
لە کۆی ئەو 150 هەزار کەسەی بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق بڕیاردرا بە گرێبەست دابمەزرێنرێن، 7304 کەسیان بۆ پارێزگای کەرکووکە کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.
هۆشیار هیجران رایگەیاند، بەگوێرەی پێکهاتەکان، پشکی کریستیانەکان بە بەدەرکردنیان لە سەرژمێریی 1957 لەو دامەزراندنانە نزیکەی 153 کەسن، بەڵام ئەگەر بەدەر نەکرێن ژمارەکە زۆر کەمتر دەبێتەوە.