کشتوکاڵی هەولێر بۆ رووداو: هەر کەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانە ئاژەڵ سەرببڕێ سزا دەدرێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و پۆلیس، لیژنەیەکی بۆ چاودێریکردنی مەیدانی ئاژەڵان پێکهێنا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵیش دەڵێت: "هەر کەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانە ئاژەڵ سەرببڕێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە پێویستمان زانی چاودێرییەکی مەیدانیی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بکەین، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر حاڵەتێکی سەربڕینی ئاژەڵ بکەین کە دوور لە پشکنینی پزیشکی و لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان ئەنجام دەدرێت."
بەگوتەی هێمن سەید موراد، لیژنەکە لەلایەن بەرپرسی هۆبەی مەیدانی ئاژەڵان سەرپەرشتی دەکرێت و نوێنەرانی قایمقامیەتی هەولێر و هێزەکانی پۆلیسی تێدایە، ئامانجی سەرەکییش بنبڕکردنی زێدەڕۆیی و رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی گۆشتی ناتەندروست.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، خواست لەسەر گۆشت زیادی کردووە، بۆیە رێگە نادەن هیچ ئاژەڵێکی نەخۆش یان مرداربووە سەرببڕدرێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی هاونیشتمانییان.
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی کاسبکارانیش، هێمن سەید موراد گوتی: "ئاگاداری تەواوی کاسبکاران و خاوەنکارانی مەیدانەکەمان کردووەتەوە کە خۆیان لە سەربڕینی ئاژەڵ بەبێ پشکنینی ڤێتەرنەری بەدوور بگرن، هیوادارین پابەند بن، چونکە لە حاڵەتی سەرپێچیکردندا سزای زۆر توند دەدرێن."