لە فلیپینەوە بۆ هەولێر؛ خۆشەویستیی داود و جێسی سنوورەکان دەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
نێوان کوردستان و فلیپین هەزاران کیلۆمەترە، بەڵام بۆ داود و جێسی، خۆشەویستی هەموو سنوورە جوگرافییەکانی سڕییەوە. چیرۆکەکەیان لە نامەیەکی سادەی فەیسبووکەوە دەستیپێکرد و ئێستا لێرە، لەژێر ئاسمانی هەولێر، سێیەمین ڤالانتاینی تەمەنیان پێکەوە بەڕێ دەکەن.
داود سالم کە سەرپەرشتیاری هۆتێلە لەبارەی خۆشەویستە فلیپینییەکەیەوە دەڵێت، "ژیانمان هەمووی بووەتە دیاری، ئێمە هەموو رۆژێکمان بۆ یەکتر ڤالانتاینە. پێکەوە دەچینە دەرەوە بۆ چێشتخانەکان، گەشت دەکەین بۆ ئاکرێ، رواندز و چیای کۆڕەک. هەردووکمان مەسیحین و کولتوورمان لە زۆر شتدا لەیەک نزیکە، بەتایبەت لە جەژنەکاندا، تەنیا خواردنەکانمان جیاوازییەکی زۆریان هەیە."
لای خۆیەوە، جێسی میلس، کە خەڵکی فلیپینە دەڵێت، "خێزانەکانیش دەبێت یەکدییان خۆشبوێت، بنەمای سەرەکیی خۆشەویستیش رێزگرتنە لەیەکدی، چونکە بێ رێزگرتن هیچ خێزانێک سەرکەوتوو نابێت."
تەنیا ماڵی داود نییە کە ئامادەکاری دەکات؛ لەم رۆژەدا زمانی گوڵەکان لە هەموو قسەیەک پاراوترن. بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە سوورپۆشی چاوەڕێی عاشقەکان دەکەن و گوڵفرۆشەکانیش سەرقاڵی جێبەجێکردنی داواکارییە ناوازەکانن.
بڕیار سەفان، گوڵفرۆشە ئاماژە بەوە دەکات، "داواکارییەکان جیاوازن؛ کەس هەیە داوای دەسکە گوڵێک بە 500 یان 600 گوڵ دەکات. ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلێکمان بە تەواوی بە گوڵ رازاندەوە کە دیاری بوو، ئەم ساڵیش پێشبینی دەکەین شتی لەو شێوەیەمان هەبێت."
کارزان سورچی، گوڵفرۆشە و باس لەوە دەکات، "ساڵی رابردوو داواکاریی گەورەمان هەبوو، ئەم ساڵیش بەردەوامە. بۆ نموونە کڕیار هەبووە 25 مسقاڵ زێڕی هێناوە تاوەکو لەنێو سندووقێکی پڕ لە گوڵدا وەک دیاری بۆی ئامادە بکەین."
لەنێو قەرەباڵخیی بازاڕدا، هەمووان بەدوای دیارییەکدا دەگەڕێن تاوەکو هەستی خۆیانی پێ دەربڕن؛ جا ئەو دیارییە تەنیا گوڵێک بێت یان کاژێرێک و ورچێکی سوور.
ماگیر ئەپتاڵ، کڕیاری گوڵە و بە رووداوی گوت، "بۆ رۆژی ڤالانتاین گوڵ بۆ خۆشەویستەکەم دەبەم. ساڵی رابردوو ورچێکی سوورم پێدا، ئەویش ئەم ساڵ کاژێرێکی بۆ هێناوم. تەنیا من نیم، هەمووان لێرە دەیانەوێت بە جۆرێک ئەو رۆژە یاد بکەنەوە."
لەکاتێکدا هەزاران گوڵ لەم بازاڕەدا چاوەڕێی خۆشەویستان دەکەن، چیرۆکی هاوشێوەی داود و جێسی ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە خۆشەویستی تەنیا هەستێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پردێکە کولتوورە جیاوازەکانی جیهان بەیەکەوە گرێ دەدات.