کرێی خانوو لە نێوشاری ورمێ بەرزبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کرێی خانوو لە نێوشاری ورمێ بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە کرێچییەکان بچنە گەڕەکەکانی قەراخ شارەکە.
 
گەڕەکی ئیسلامئاوا کە دەکەوێتە قەراخ شاری ورمێ، رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت. بەهۆی هەرزانبوونی نرخی خانوو و زەوی لەو گەڕەکە خەڵکێکی زیاتر رووی تێدەکەن، بەتایبەت کرێچییەکان.
 
خالید ماوانە، کرێچییە لە شاری ورمێ و گوتی، "ئەگەر نەتوانی کرێی خانوو بدەین، بێگومان ناچارین بچینە شوێنێکی هەرزانتر، ئەو شوێنانەش وەکو پێویست نین و دووری بازاڕن."
 
بە قسەی هاونیشتمانییان، کرێی خانوو لە نێوشاری ورمێ زۆر بەرزبووەتەوە. خاوەن ماڵەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکان داوای زیادکردنی کرێ تاوەکو 100٪ دەکەن.
 
سەلاحەدین مەریوانی، کرێچییەکی دیکەیە لە شارەکە و ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێ خاوەن خانو و دووکانەکان زیاتر خاتری خەڵک بگرن، چونکە ئەگەر خەڵک پارەی هەبێت ناچێتە نێو کرێ و لە خانووی خۆی دەبێت. کرێ زۆر گرانبووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو بۆ سێ هێندە گرانبووە."
 
بە بڕیاری حکومەت، ساڵانە کرێی خانوو لە شارێکی وەکو ورمێ دەبێ 20٪ زیاد بکرێت، بەڵام خاوەن موڵکەکان پابەندی ئەو بڕیارە نابن.
 
جەماڵ مەسعودی، خاوەن نووسینگەیە و دەڵێت، "کاتێک خەڵک دەڵێن نرخی کرێی خانوو گرانە، لەبەرامبەردا خاوەن موڵکەکان دەڵێن خەرجییەکی زۆریان لەو خانووانەدا داوە، ئەگەر ئەو خانووە کرێیەکی باش نەکات ئەوە کەڵکی نییە بۆیان."
 
بەرزبوونەوەی زۆری کرێی خانوو لە گەڕەکەکانی نێوشار بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە کرێچییەکان ناچاربن روو بکەنە گەڕەکەکانی قەراخ شاری ورمێ کە کرێیان هەرزانترە.
 
لە ئێران 7 ملیۆن و 700 هەزار خێزان لە خانووی کرێدا دەژین، نزیکەی 30 لەسەتی کۆی خێزانەکان لەو وڵاتەدا. کێشەی ئەوان کێشەی بەشی زۆری کۆمەڵگەیە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، گرنگییەکی ئەوتۆ بە کێشەکانیان نادرێت.