کۆمیسیۆنی عێراق: پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێشکێشی نەکراوە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە پابەندە بەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەببات.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لایەنێکی جێبەجێکاری پیشەییە، هەڵبژاردن بەڕێودەبات و راسپێردراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات".
راشیگەیاند، "ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بەپێی خشتەی کارەکان بەردەوامە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وادەی هەڵبژاردن بە مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دانراوە، لەسەر ئەو بنەمایە کۆمیسیۆن بەرنامەی کارەکانی جێبەجێدەکات".
لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "بۆ رێکارەکانی دواخستنی هەڵبژاردن دەبێت پرسیار لە لایەنی جێبەجێکردن و یاسایی بکرێت، چونکە کۆمیسیۆن پەیوەستە بەوەی هەڵبژاردن لەو وادە دیاریکراوە بەڕێوەببات و کار لەسەر ئەم وادەیە دەکات. دواخستنی هەڵبژاردن لە پسپۆری کۆمیسیۆن نییە. کۆمیسیۆن دەسەڵاتی درێژکردنەوەی ماوەی تۆمار و نوێکردنەوەی هەیە و ئەو کارەشی کردووە".
د. عیماد جەمیل، گوتیشی، "هیچ داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی کۆمیسیۆن نەکراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی هەیە لە 10ی حوزیرانی 2024 هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بۆیە کۆمیسیۆن بۆ ئەم وادەیە لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و پێوەی پابەندین".
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت 400 هەزارکەس پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە و ناتوان بەشداری هەڵبژاردن بکەن، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم پرسە گوتی، "کۆمیسیۆن کاری لەسەر نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردووە، لەسەر وردبینی و نوێکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان کە پەنجەمۆر وەردەگرێت، رێکاری باش گیراوەتەبەر، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری کەمکردووەتەوە، نوێکردنەوە کراوە بۆ ئەوانەی پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، بۆیە دەنگدەران سەردانی ناوەندەکانی نوێکردنەوە و تۆمارکردنیان کردووە کە کۆمیسیۆن دیاری کردبوو".
د.عیماد جەمیل دەشڵێت، لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق و لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەندێک دەنگدەر هەن، بەهۆی تەمەن و نەخۆشی درێژخایەن، یان ئەوانەی پیشەوەرن و کاری سەخت دەکەن پەنجەمۆریان نەخوێندراوتەوە، بەپێی یاسا تا 5٪ یاساییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین".
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرێت لەبارەی کورسیی کۆتاکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، "وردەکاریی نادەستووریی تێدایە".
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و مەکتەبی سیاسیی پارتی روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان".
هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی "بڕیارەکەی دادگە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستمی مەرکەزی".
راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی هات. دەشڵێن، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، "بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".
هەڵوێستەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ "رەوایی نەدانە بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی دەستور کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت".
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک "رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان" لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئادار، 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".