هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک

رووداو دیجیتاڵ

هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر پێگەیەکی لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک؛ دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە کراوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر بارەگەی "کەتیبەکابی ئیمام عەلی" لە سنووری کەرکووک پشتڕاستکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کاژێر 21:00ی شەوی سێشەممە، 17-03-2026، هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی ناوچەی "جەرد"ی لە سنووری فەوجی سێیەمی لیوای 40ی بۆردوومان کردووە.
 
حەشدی شەعبی لەبارەی ئەنجامی هێرشەکە رایگەیاندووە: "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی هەلیکۆپتەری جۆری "ئەباچی"یەوە بووە و دەنگی تەقینەوەکە هێندە بەهێز بووە لە ناوچە دوورەکانیش بیستراوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پاش رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان چواردەوری شوێنەکەیان گرتووە و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی وردەکارییەکان دەستپێکردووە.
 
ئەمە چەندەمین جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا بارەگای لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە میحوەری دووبز - بای حەسەن دەکرێتە ئامانج. پێشتر و لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13-03-2026، هەمان بارەگا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار بریندار بوون.