بەدواداچوونی رووداو؛ لە 19 رۆژدا بە 355 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە 355 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆش بەهۆی هێرشەکانەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو لە ماوەیەدا 292 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 56 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها پێنج درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان لە هەولێر و سلێمانی کراونەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە دوو هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ یەکێکیان کاژێر 09:15 خولەکی بەیانی لە بناری چیای زۆزک بووە و ئەوەی دیکەیان کاژێر 02:40 خولەکی دوای نیوەڕۆ لە چیای کۆڕەک بووە. بەرپرسانی ناوچەکە رایانگەیاند، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە و لە شوێنی چۆڵ دراون و درۆنەکان تێکشکێندراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی.
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر بریندار بوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆش چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای دهۆک
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.