لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە کراوە و بۆ بەغدا دەنێردرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە کراوە و دوای جەژن لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوە مانگی شوبات راستەوخۆ بۆ بەغدای دەنێرن.
 
رۆژی چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ لەلایەن وەزارەتەوە تەواو بوون؛ چەند رۆژێک پێش ئێستا زۆر بە وردی کاری تێدا کرا و تەواو بووە".
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، دوای تەواوبوونی پشووی جەژن، راستەوخۆ لیستی مووچەی مانگی سێ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات لەلایەن تیمێکی تەکنیکییەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت.
 
رۆژی 09-03-2026، لیستی مووچەی مانگی شوبات راگەیێندرا و لە رۆژانی 10، 11 و 12ی مانگی ئادار هەموو مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.
 
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەو مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی.