کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێ و لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر دەکرێ.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ کاژێر 06:30ی بەیانی هەناردەی نەوت لە وێستگەی سارلووی کەرکووکەوە بەرەو وێستگەی پێشابوور لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ گەیاندنی بە بەندەری جەیهان دەستیپێکرد.
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ کاژێر 10:00 هەناردەکردن دەستپێبکات، بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "لەبەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، نەمانویست کە گردبوونەوەیەکی زۆر لە وێستگەکە دروست بکەین، بۆیە زووتر لە وادەی خۆی هەناردەکردنمان دەستپێکرد."
 
بە گوتەی عامر خەلیل، کاژێر 06:00 تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆرییەکە کرا و لە 06:30 خولەکدا هەناردەکردن دەستیپێکرد.
 
وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی پێدەکات، لە رۆژانی داهاتوودا بڕی هەناردە زیاتر دەکات و چاوەڕوان دەکرێ بگاتە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
هەناردەکردنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نائاساییەی كە رووبەرووی وڵات بووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ كاژێر 6:30  وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەهاوئاهەنگی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، دەست كرا بە ئیشپێكردنی وێستگەی نەوتی سارالو بۆ گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بۆ وێستگەی پێشابوور تاوەكو لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنیان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە.