ژمارەیەک درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران
رووداو دیجیتاڵ
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە هەولێر بیسترا و بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درۆن بوون و لەلایەن سیستمی دژە مووشەکییەوە تێکشکێندراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کاژێر 9 تاوەکو کاژێر 11:00 دەنگی ژمارەیەک تەقینەوە لە هەولێر بیسترا. پەیامنێری رووداو دەڵێ، ژمارەیەک درۆن بوون و لە لایەن سیستمی دژە مووشەکییەوە تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 10 درۆن ئاراستەی پارێزگای هەولێر و زیاتر لە 5 درۆنیش ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون.
دوو لە درۆنەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دوێنێ ئێوارە ئاراستەی سنووری کۆیە کران و ئامانجی درۆنەکانی دیکە شاری هەولێر بوو، بەڵام هەموویان تێکشکێندراون.
قوربانییەکانی هێرشەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 352 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری. لەو ژمارەیە 290 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون؛ 55 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون؛ هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەوە پێنج درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراون یان لە سنوورەکە کەوتوونەتە خوارەوە، هەروەها دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 45 کەسیش برینداربوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی.
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر بریندار بوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆش چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
هەر لەنێو بریندارەکاندا، دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی لە نزیک هەولێر هەن؛ هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکان، 18 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان و سۆران.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
پارێزگای دهۆک
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ.
پارێزگای هەڵەبجە
چیای شنروێ
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.