وەزارەتی پێشمەرگە: دوو بارەگامان کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی و سێ پێشمەرگە بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان لە هەولێر و سلێمانی کراونەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزەکانیان رووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، داواش لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، "بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت."

هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە."

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئاداری 2026، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان بریندار بوون.

ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە رووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە،  فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.

بە تووندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە دەکەین و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت و پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم  کردەوانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.