یەکێتیی مامۆستایان: پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بە قەرز و قیست راست نییە

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵێک بەناوی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە ئۆتۆمبێل بە قیست و قەرزی درێژخایەن دەدرێتە مامۆستایان، بەڵام ئەو بەرپرسە هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، "مامۆستایان دەتوانن بە پشتگیریی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئۆتۆمبێل بە قەرزی درێژخایەن و هاوکاریکردن لە پێشەکی و قیستەکەی وەربگرن".
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل گرێبەستمان نییە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن بۆ مامۆستایان".
 
ئەحمەد گەرمیانی کە بۆ كۆنفرانسی ساڵانەی یەكێتیی مامۆستایانی شانشینی یەكگرتوو لە لیڤەرپوولی بەریتانیایە گوتیشی: "هەموو هەواڵێک کە بەناوی منەوە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئۆتۆمبێل بە قەرز دەدرێتە مامۆستایان رەتدەکەمەوە و ناڕاستە".
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لایەنێکی فەرمیی هەرێمی کوردستانە، سەرپەرشتی کاروباری ئەو مامۆستایانە دەکات، کە ئەندامی یەکێتییەکەن. پشتگیری لەو مامۆستایانە دەکات کە لە فەرمانگەکان یان شوێنی دیکە پیویستیان بە پشتگیریی یەکێتییەکەیە.