نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتالیا؛ زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی و جەختکردنەوە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، ئەمڕۆ شەممە 18-4-2026 کە دووەمین رۆژی کۆڕبەندەکە بوو، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، وەزیری بەرگریی تورکیا و سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، پرسی ئارامی و سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاوتوێ کرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد
بەیانیی رۆژی شەممە 18-4-2026، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە. لە دیدارهكهدا دواپێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و کاریگەری و لێکەوتەکانیان باس کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئاگربەست، بەدیهاتنی ئاشتی و پاراستنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو دیدارە بڵاوکردەوە. "بهڕێز وهزیری بهرگریی تورکیا ههڵوێستی ههرێمی کوردستانی بهرز نرخاند که نهبووه بهشێک له شهڕ و ئاڵۆزییهکانی ناوچهکه، ههروهها داکۆکیی له هاوئاههنگیی ههمهلایهنه بۆ پاراستنی ئارامی و سهقامگیری کردهوه. ههر لهمبارهیهوه ستایشی رۆڵی بهڕێز سهرۆکی ههرێمی کوردستانی کرد. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وهک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییه لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش".
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هاریکاریی هاوبهشی نێوانیان، تهوهرێکی دیکهی کۆبوونهوهکه بوو.
کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی کوردستان؛ رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و کارکردنی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. هەروەها کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕ بەسەر وڵاتانی ناوچەکەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان؛ پابەندین بە ئاسایشی هاوبەش
نێچیرڤان بارزانی دوای نیوەڕۆ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێکرا.
ئەردۆغان بە ئامادەبوونی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لە ئەنتالیا چاوم بە سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان کەوت. گفتوگۆیەکی جددیمان لەبارەی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بیروڕامان لەمەڕ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە. دووپاتمان کردەوە کە هەردوولا پابەندین بە پێشخستنی سەقامگیریی ناوچەکە، گەشەسەندن و ئاسایشی هاوبەش".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەردۆغانی کردووە، "بۆ سەرکردایەتیکردن و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە". هەردوولا دووپاتیانکردووەتەوە کە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە باشترین رێگەیە.
دوێنێ هەینی 17-4-2026 کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا دەستیپێکرد و نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوارەمین ساڵە بانگهێشت دەکرێت.
دڵشاد شەهاب: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێ دەکرێن
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بوونی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندە دیپلۆماسییانەدا کاریگەری و مەغزای تایبەتیی خۆی هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم شەڕەی دواییدا سەلمێندرا هەر رووداوێک لە ناوچەکە یان جیهان کاریگەریی گشتیی دەبێت، بۆیە دەبێت پرسەکان گرنگیی هەمەلایەنەیان پێبدرێن.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند کە پەیامی نێچیرڤان بارزانی جەختکردنەوە لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەقامگیری بووە. هەروەها باسی لەو زیانانە کرد کە بەر هەرێمی کوردستان کەوتوون، لەکاتێکدا "بە کردەیی و بە گوتاری فەرمی بەشێک نەبووە لەو ململانێ و شەڕە."
دڵشاد شەهاب هەروەها بە گرنگی زانی ئاماژە بەوە بدات کە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان یەکێک لە تەوەرەکانی کۆڕبەندەکەیە و گوتی:"خاڵێک کە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە هەمووان لێی ئاگادار بن; ئەویش ئەو هێرشە ناڕەوایانەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت. بەتایبەتیش ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیا نایاساییەکان لە ناو عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، پێگەی هەرێمی کوردستان رێزلێگیراوە و بەشداربووان ستایشی رۆڵی ئەرێنی و کاریگەری نێچیرڤان بارزانییان کردووە.
پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا رۆژانی 17 هەتا 19ی نیسانی 2026 بەڕێوەدەچێت. نزیکەی 5 هەزار کەسایەتی لە 150 وڵاتەوە بەشدارییان کردووە. زیاتر لە 5 هەزار کەسایەتی بە فەرمی بانگهێشت کراون کە نێچیرڤان بارزانی یەکێک لەو کەسانەیە. نزیکەی 20 بەرپرسی باڵای وڵاتان و حکومەتی وڵاتان، 15 جیگری سەرۆک، زیاتر لە 50 وەزیری وڵاتان کە 40یان وەزیری دەرەوەن، لەگەڵ نوینەرانی 75 رێکخراو و کۆمەڵە نێودەوڵيتییەکان لەو کۆڕبەندەدا بەشدارن.
لە ساڵی 2021ـەوە ساڵانە بە بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی باڵا و بیرمەندانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی بۆ چوارەمین جارە تێیدا بەشدار دەبێت و ئەمساڵیش لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەوە لە 17-04-2026 لەوێ ئامادەیە.