'چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوپرایزی دەبێت'؛ کورسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدرێتە کێ؟
رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە لەسەریەک چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەیانەوێت بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکەنەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان ئەمڕۆ بە سبەی دەسپێرن.
دوایین قسەی دەوڵەتی یاسا ئەوەیە کە باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەبێتە جێگرەوەی نووری مالیکی، بۆ ئەوەش دووپاتی دەکەنەوە کە لە کۆی 12 سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، 7یان رەزامەندییان نیشانداوە.
د. سەڵاح بوشی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "چوار چێوەی هاوئاهەنگی سوپڕایزی دەبێت لە دیاریکردنی کەسێک، جا بەڕێز مالیکی بێت یان کەسایەتییەکی دیکە؛ بەڵام بە گەرەنتی بوونی یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی."
بەڵام هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان قسەیەکی جیاواز دەکەن، پێیان وایە زۆرینەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییان لەگەڵدایە و پرسەکە لە بەرژەوەندیی سوودانی یەکلایی بووەتەوە.
د. محەممەد حارس، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، "بابەتەکە یەکلایی کراوەتەوە بۆ بەڕێز سوودانی وەک نوێنەری گەورەترین کوتلە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، من پێموایە ئەو قسانەی لە راگەیاندن دەکرێت کە لە بەربژێربوونی دوورخراوەتەوە و کەسێکی دیکە دانراوە، ئەم دەنگۆیە هیچ نرخێکی نییە؛ کاریگەریی لەسەر واقیع نابێت. ئەو ناوانەی وەکو جێگرەوە باس دەکرێن، ناتوانن کۆدەنگی لە پەرلەمان بەدەستبهێنن و بگەنە زۆرینە."
بڕیارە لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەگەر هەر نەگەنە رێککەوتن، پەنا بۆ بژاردەی (زۆرینە و کەمینە) ببەن بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەکە.
کات خێرا تێدەپەڕێت و هێشتا سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ دانانی کەسێک وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. ئەوەی لەسەری کۆکن، دواخستن لەدوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسە. رەنگە ئەمە نیشانەی ئەوە بێت کە هێشتا لەنێو سەرکردەکان خاڵە ناکۆکەکان زیاتر بن لەو خاڵانەی لەسەری کۆکن.