بەشێک لە هاووڵاتییان لەکاتی سەیرانکردن بێباکانە ژینگە پیسدەکەن؛ 'بێ ویژدانییە'

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمە دیمەنی ناوچەیەکی سنووری شارباژێڕی سلێمانییە لەپاش سەردانی سەیرانکەرێکی زۆر بۆی، لە هەموو شوێنێک خۆڵ و خاشاکی سەیرانکەران دەبینرێت. خێزانێک کە روویان لەو ناوچەیە کردبوو، ناچاربوون پێش پشوودان دەوروبەری خۆیان لە خاشاکی سەردانکەرانی پێش خۆیان پاکبکەنەوە و پاشان دابنیشن.
 
تۆفیق رەحیم، سەیرانکەر گوتی، "ئەم دەوروبەرە پڕبوو لە کیسی خۆڵ و خاشاک کە بڵاوببوەوە. هەرچەندە لە ساڵانی پێشتر باشتربوو، بەڵام هێشتا هەر پیس بوو، ناچار هەموویمان کۆکردەوە و لە دووریی خۆمان دامانناوە، بەڵام ئەم سرووشتە جوانە خوا پێی بەخشیوین ئەرکمانە پارێزگاریی لێبکەین، دەکرێت هەر کەسێک کە هات بۆ سەیران، خۆڵ و پیسییەکە لە کیسەیەکدا بباتە سەر شەقامەکە دایبنێت، چونکە هەموو ئەم ناوچەیەی دەوروبەرمان دوو پاککەرەوەی ژینگەی لێیە و بە ئەستەم بۆیان پاکدەکرێتەوە."
 
بنەماڵەکەی عەلی ساڵح نزیکەی دوو کاژێر لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی شارباژێڕ گەڕاون تاوەکو شوێنێکی پاک بدۆزنەوە.
 
عەلی ساڵح، سەیرانکەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کەسانەی ئەم ناوچەیە ئاوا پیس دەکەن، حساب بۆ ئەوە ناکەن کە خەڵکی دیکە دێن و لەوێ دادەنیشن، ئێستا کەڵکی دانیشتنی نەماوە و خەڵک روودەکەنە دوورتر کە دابنیشن، هەمووی خۆڵ و پیسییە، هی خەڵکێکە کە ئەگەر ویژدانی هەبووایە ئاوا جێی نەدەهێشت."
 
شوکریە مەحموود، سەیرانکەر دەڵێت، "کیسەی خۆڵمان هێناوە هەموو پیسییەکانی تێدەکەین و لەگەڵ خۆمان دەیبەینەوە و فڕێیدەدەین."
 
جگە لە زیان و ناشرینکردنی ژینگە، بەشێک لە خۆڵ و خاشاکەکە زیانی بۆ ئاژەڵانیش هەیە، کە نایلۆن و ماددە پلاستیکییەکان دەخۆن و دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن و مردنیان.
 
رووداو بەدواداچوونی لە چەند ناوچەیەکی گەشتیاریی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و سلێمانی کرد، بەگشتی لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە بەدیدەکرێت، کە سەیرانکەران پاشماوەکانیان لە پاش خۆیان جێدەهێڵن.
 
بەشێک لە پاشماوەکان بریتین لە شوشە کە ملیۆنێک ساڵی دەوێت تاوەکو لەنێو خاکدا شیدەبێتەوە یان هەرگیز شینابێتەوە، پلاستیک یان دەبەی ئاوی خواردنەوە 450 ساڵ، دایبی 200 بۆ 500 ساڵ، قوتووی خواردنەوە گازییەکان 100 ساڵ، هەروەها پاشماوەی خواردن سێ بۆ شەش مانگی دەوێت تاوەکو لەنێو خاک شیدەبێتەوە.