کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێ

رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان بگرێتەوە. کەشناسی دەڵێ، ئەمڕۆ باران و تەرزە دەبارێ و سبەی بەردەوام دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لە کەرکووک، مووسڵ و هەولێر بارانی زیاتر بەراورد بە ناوچەکانی دیکە دەبارێ.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان باران دەبارێ؛ هەندێک کات لێزمەباران دەبێ و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت، دواتر تاوەبارانی بەهارە و تەرزە لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێ".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، سبەی یەکشەممە "لێزمەباران لە زۆرینەی ناوچەکان دەبارێ. لە سنووری ئیدارەی راپەرین، کۆیە، ئیدارەی سۆران، پارێزگای هەولێر، بەردەڕەش، باشووری پارێزگای سلێمانی و هەندێک ناوچەی گەرمیان بارانی زیاتر دەبارێ".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی ئەم شەپۆلە سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە".
 
موفتی پێشبینی کرد، لە 24 کاژێری داهاتوودا لە کەرکووک، موسڵ، هەولێر، دهۆک و بەشێکی گەرمیان بارانی زیاتر ببارێ، بەراورد بە ناوچەکانی دیکە و لە رۆژی دووشەممەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بارانی زیاتر ببارێ بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، شەپۆلەکە تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێ و لە چوارشەممەدا بە تەواوی لاواز دەبێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆی شەپۆلەکەدا باران ناوبەناو دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی 
پیرمام؛ 16 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 17 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران؛ 13 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 19 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ؛ 20 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 25 پلەی سیلیزی