پشکی گازی ماڵان زیادکرا؛ کەی دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە؟

 
رووداو دیجتاڵ 

بەرپرسانی سلێمانی دەڵێن، تەواوی کارگەکانی گاز ئەمڕۆ بەرهەمیان هەبووە و گاز لە هەموو گەڕەکەکان دابەشکراوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەڵێنی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دراوە. قایمقامەکانی دهۆک و هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکەن، پشکی گازیان زیاد کراوە. لە کەرکووکیش دۆخەکە ئاساییە.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆ لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی وەستا، بەو هۆیەوە دابەشکردنی گازی ماڵان کەمبووەوە و نرخی بوتڵێک گازی بازرگانیش لە بەشێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە نزیکەی 40 هەزار دینار.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، پشکی گازی ماڵان زیادکراوە و نرخی گازی بازرگانیش بۆ نزیکەی نیوەی پێشتر دابەزیوە.
 
قایمقامی سلێمانی: بریکارەکانی گاز گەڕاونەتەوە گەڕەکەکان
 
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکی گازی ماڵان زیادکراوە و هەموو بریکارەکانی فرۆشتن گەڕاونەتەوە گەڕەکەکان".
 
بەگوتەی قایمقامی سلێمانی، نۆرەگرتن وەک هەفتەی رابردوو بۆ وەرگرتنی گاز نەماوە و ئێستا بریکارەکان خۆیان وەک پێش جەنگ گاز دەبنە کۆڵانەکان و بوتڵی هەر بە 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکەن.
 
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "22 کارگەی گازمان هەیە. ئەمڕۆ هەموویان گازیان هەبووە. تەواوی بریکارەکان گازیان پێدراوە، بەگشتی ئەمڕۆ 32 هەزار بوتڵ بۆ بریکارەکان پڕکراوەتەوە".
 
سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قایمقامییەتی سلێمانی گوتی: "لە هەموو گەڕەکەکان بریکارەکان گازیان فرۆشتووە. لە بەشێکی گەڕەکەکان گاز ماوەتەوە و بریکارەکان نەیانتوانیوە هەمووی بفرۆشن و خواستی زۆر لەسەری نەبووە".
 
پارێزگاری هەولێر: پشکی گازمان بۆ زیادکراوە
 
لە هەولێر پێدانی گازی ماڵان کراوە بە کارتی ئەلیکترۆنی و هەر خیزانێک مانگانە مافی هەیە دوو بوتڵ بە نرخی حکومی وەربگرێ، کە بوتڵی 8 هەزار و 500 دینارە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکی گازی ماڵان بۆ سنوورەکەمان زیادکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتەوە بە دۆخی تەواو ئاسایی، وەک پێش جەنگ".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "بەڵیندراوە لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا گازی زیاتر بۆ هەولێر بنێردرێت و دۆخەکە تەواو ئاسایی ببێتەوە".
 
قایمقامەکانی دهۆک و هەڵەبجە: پشک زیادکراوە و ئاساییبوونەوە کاتی دەوێ
 
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بە کاتی جەنگ، چەند رۆژێکە پشکی گازی دهۆک زیادکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی گازەوە لە 30 رۆژی رابردوودا هێشتا خواست زۆرە و دۆخەکە تەواو ئاسایی نەبووەتەوە".
 
قایمقامی دهۆک گوتی: "بەهۆی جەنگەوە کورتهێنان هەبووە. دهۆک رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار بوتڵ گازی پێویستە. لەکاتی جەنگدا هەزار و 500 بۆ 2 هەزار بوتڵ دەهات، بۆیە نزیکەی 30 رۆژ رۆژانە نزیکەی 3 هەزار داواکاری گاز هەبوو و دواکەوتووە و گەیشتووەتە داواکاری نزیکەی 100 هەزار بوتڵ. چەند رۆژێکە دۆخەکە باشبووە بە دڵنیاییەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو داواکارییانەی پێشوو و داواکاری نوێ کاتی زیاتر پێویستە".
 
بریندار حەیدەر ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵک هێشتا دەترسێ و ماڵ هەیە دوو بۆ سێ بوتڵی وەک یەدەگ هەڵگرتووە، ئەوەش هۆکارە کە دۆخەکە تاوەکو ئێستا بە تەواوی ئاسایی نەبێتەوە و گوتی: "دۆخەکە وەک ئێستا بێ، پێنج بۆ شەش رۆژی دیکە دۆخەکە زۆر زۆر باشتر دەبێ".
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی گاز لە سنوورەکەمان تەواو 100% ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام جگە لە گازی کەرکووک کە بۆ هەڵەبجە دێ، هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیەش پشکی گازمان لە کۆرمۆرەوە بۆ هاتووە".
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاتی زیاتری دەوێ، چونکە لە بازاڕدا هێشتا خواست لەسەر گاز زۆرە، بەڵام وردە وردە بەرەو ئەوە دەچێ تەواو ئاسایی بێتەوە".
 
دابەشکردنی گاز لە کەرکووک کراوەتە ئەلیکترۆنی
 
لە کەرکووک گازی ماڵان کراوە بە ئەلیکترۆنی و هەر خێزانێک بە کارتی ئەلیکترۆنی کە نەوتی پێ وەردەگرێ، مانگانە مافی هەیە دوو بوتڵ وەرگرێت.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کەرکووکیش گازی ماڵان کەم بووەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێ و ئەمڕۆ بریکارەکانی گاز لە گەڕەکەکانی شارەکەدا گەڕاون و بوتڵی بە 7 هەزار دینار گازیان دابەشکردووە.
 
لەگەڵ دابەشکردنی گازدا لە کەرکووک، بریکارەکانی گاز ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، بڕی پشکی گازیان "کەمکراوەتەوە".
 
ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان: نرخی گازی بازرگانی زیاتر دادەبەزێ
 
لەبارەی گازی بازرگانییەوە، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی لیترێک گازی (LPG) ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکان لەنێوان 900 بۆ هەزار دینارە".
 
بوتڵی گازی ماڵان نزیکەی 22 لیتر دەگرێ و سەرەتای هەفتەی رابردوو لە بەنزینخانەکان بوتڵێک گەیشتە 40 بۆ 50 هەزار دینار. جەنگی مەجید گوتی: "لە 14ـی نیسانەوە بوتڵی گازی بازرگانی دابەزیوە بۆ دەوروبەری 20 هەزار دینار".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر هەیە بەهۆی زۆربوونی گازەوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی گازی (LPG) زیاتر دابەزێ".
 
13ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای دانەگاز بە فەرمی بەرهەمهێناوەنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند.
 
چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەش هۆکاری ئاسایی بوونەوەی بەرهەمهێنانی گازە لە هەرێمی کوردستان.