رووداوێکی هاتووچۆ لە مهاباد نۆ برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی مهاباد - سەردەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و نۆ کەس بریندار بوون.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 17-05-2024 لە رێگەی نێوان مهاباد و سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشین و شۆفێرەکانیان بریندار بوون.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پراید و پژۆیەکدا روویداوە، هەر نۆ بریندارەکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
بەگوتەی مەحبووبی، هەندێک لە برینداران تووشی خوێنبەربوون و گرفتی هەناسەدان بوون و زەبر بەر سەر و سنگیان کەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ورمێ رایگەیاند، هۆکاری رووداوەکە لادانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بۆ سایدی بەرامبەر و تیژڕۆیی بووە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەستدەدەن.
رۆژی 7ی نیسانی 2024 ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای پشووی نەورۆز لە 15-03-2024ەوە تاوەکو ئەو کاتە 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە، بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.