ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی کۆنابینەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک'' لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین. دەشڵێت، ''بۆنە زۆرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی کۆببینەوە، بەڵام یەکێتی قسە لەسەر هەڵبژاردنێک ناکات، کە بڕیاری لەسەر دراوە.''
شەممە، 18-05-2024 ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''نەک تەنیا لەگەڵ پارتی، بەڵکو لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی کە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، کۆنابینەوە."
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام پارتی تێبینیی لەسەر چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی هەیە و تاوەکو ئەمڕۆ رەتیدەکاتەوە بەشداریی تێدا بکات. ستران عەبدوڵڵا گوتی ''ئەو لایەنەی هەڵبژاردن دوادەخات، خۆی دەبێ بەرپرسیایێتیی ئەنجامەکەی بگرێتە ئەستۆ.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، هیچ حیزبێکی سیاسی لەوانەی لیستی بەربژێرانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە، باسیان لەوە نەکردووە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندان، ''هەر کە لیستیان پێشکێش کرد، بە مانای ئەوە دێت لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا.''
یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو رایانگەیاندووە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان، ئەگەر پارتیش بەشداری نەکات. ستران عەبدوڵڵا گوتی ''ئێمە، پابەندین بە وادەی هەڵبژاردن و ئەگەر لایەنێکیش پابەند نییە، با خۆی بەرپرسیاریێتیی بگرێتە ئەستۆ و روونکردنەوەی لەسەر بدات.''
رۆژی سێشەممە 7ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لە سکاڵایەکدا کردبوو.
دادگەی فیدراڵی لە نێوەڕۆکی بڕیارەکەیدا داوا لە کۆمیسیۆن دەکات تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە رابگرێت. دوای بڕیارەکەی دادگە، کۆمیسیۆن کارەکانی راگرت. بەڵام رۆژی پێنجشەممە 16ـی ئایار، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی تانەیەک دا، کە دژی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن بوو.
تانەکە لەلایەن رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشکێشکرابوو. دەستەکە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت: "بڕیاری تانەلێدراو دروست نییە و پێچەوانەی یاسایە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا و بڕیاردرا کۆمیسیۆنی لێ ئاگاداربکرێتەوە بەوەی کە ئەو بڕیارە، یەکلاکەرەوەیە."
ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، یەکێتی پابەندی بڕیارەکانە و قسە لەسەر هەڵبژاردنێک ناکات کە بڕیاری لەسەر دراوە.
پەیامنێری رووداو لە ستران عەبدوڵڵای پرسی، ''ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت، کاتی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی کەی دەبێت؟'' گوتی، ''چەند جاری دیکە لێم بپرسی، من دەڵێم لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین لە 10ـی حوزەیران.''