فێستیڤاڵی ئەسپسواری لە بناری چیای کارۆخ سازکرا

رووداو دیجیتاڵ

لە گۆڕەپانێکی سەوز و کەشێکی بەهاریدا لە بناری چیای کارۆخ، فێستیڤاڵێک بۆ 30 ئەسپسوار رێکخرا.
 
ژمارەیێک هاونیشتمانیی خەڵکی وەرتێ بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ئەسپسواریی شارۆچکەکەیان بە توولەڕێیەکی باریک و سەختدا بەرەو بناری چیای کارۆخ رێیانکرد، ئەوان کاژێرێک رێگەیان بەپێ بڕی تاوەکو گەیشتنە شوێنی فێستیڤاڵەکە.
 
رزگار جەلال، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت "بۆ ئەوەی بتوانین فۆلکلۆری کوردی و رەسەنایەتی بپارێزین، ئەو فێستیڤاڵەمان سازکرد. ئەمساڵ نمایشی ئەسپسواریشی تیدابوو و خەڵک زۆر هاتوون، دڵنیام ساڵی داهاتووش زۆر قەرەباڵختر دەبێت."
 
ئەوانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، لە ناوچە و شوێنی جیاوازەوە هاتبوون.
 
ئەحمەد عەبدولقادر بەشداربوویێکی فێستیڤاڵەکە دەڵێ بەو جۆرە فێستیڤاڵانە سۆز و بەزەیی زیاتر دەبێت "ئێستا خەڵک ساڵانەش یەکدی نابینن ئەگەر ئەو چالاکییانە نەبن. ئەو فێستیڤاڵە زۆر زۆر گرنگە بۆ یەکتربینین و ئاشنابوونەوە لەگەڵ یەکتر، لەو گۆڕەپانە سەوزەدا، لەهەر لایەک خێزانێک دانیشتووە."
 
بن رەشماڵەکانیش پڕ بوون لە ئامادەبووان، خەڵک چێژیان لە سەیرکردنی نمایشی ئەسپسواران و میوزیک و خواردنی خۆراکی کوردەواری بینی و، بەئومێدی ئەوەن هەموو ساڵێک دووبارە بکرێتەوە.
 
بوشرە حەسەن، بەشداربووی فێستیڤاڵەکە دەڵێ "زۆر گرنگ و پێویستە، چونکە سەردەمێک باوباپیرانمان لێرە خەباتیان کردووە و بژێوی ژیانیشیان لێرە دابین کردووە، زۆریش پێویستە بۆ منداڵانمان و نەوەکان ئەو دابونەریت و ناوچەیە ببینن."
 
لە بەرەبەیان تاوەکو درەنگانی ئێوارە، بناری ئەو چیا سەرکەشە بە دەنگی گۆرانی و حەیران و نمایشی سوارچاکان ئاوەدان و پڕ جموجۆڵ بوو. ئێوارە، هەمان ئەو توولەڕێیەی پێیدا سەرکەوتن بووەوە رێی گەڕانەوەیان.