بوومەلەرزەیەک لە پارێزگایەکی باکووری کوردستان روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەش لە باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 22:05 خولەکی شەوی 17ـی ئایاری 2025، لە شارۆچکەی گۆکسون سەر بە پارێزگای مەرەش روویداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7.01 کم تۆمارکرا. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی پێنج هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.