مامۆستایەکی زانکۆی تاران: ئێران گرنگی بە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زانکۆی تاران دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای حکومەتەکانی تورکیا و ئێران جێگەی متمانەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە''بەرپرسانی ئێران هەوڵ دەدەن سوود لە دیپلۆماسیی چالاک و توانای گفتوگۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا وەربگرن.'' 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-05-2025، ئیرشاد رەشیدی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە تاران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ''کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران'' رایگەیاند، گرنگییەکی تایبەت بە نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا دراوە و گوتی: ''ئەگەر سەیری دانیشتنەکەش بکەین، دەبینین کاک نێچیرڤان شوێنێکی زۆر تایبەتی بۆ دانرا". 
 
لە هۆڵی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا لە ریزی پێشەوەی بەشداربووان و لە تەنیشت عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، شوێنێک بۆ نێچیرڤان بارزانی دیاریکراوە. ئیرشاد رەشیدی گوتی: ''وەک سەرۆکی وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ کاک نێچیرڤان دەکەن و ئەوە گرنگیی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات.''
 
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، چەند ساڵ لەمەوپێش، ئێران بە ''کەمبینی''ـیەوە سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد، ''واتە دیدێکی ئەمنی بەرامبەر کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریی بنچینەیی لە سیاسەتی ناوچەیی ئێران روویداوە، بەتایبەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.''
 
''پێگەی جیۆستراتیژیی هەرێمی کوردستان گرنگە''
 
رەشیدی گوتی، هەرێـمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی ''جیۆستراتیژی'' لە ناوچەکەدا هەیە و ''ئێران ئەمە دەزانێت، بەڵام تاوەکو یەک یان دوو ساڵ لەمەوپێش، حەزی نەدەکرد ئەم راستییە قبووڵ بکات و زیاتر هەوڵی دەدا هەرێمی کوردستان لاواز بکات.''
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی ''ژیرانە''، هاوسەنگیی دیپلۆماسیی خۆی لە ناوچەکەدا پاراستووە و ''ئێرانیش لەدوای لاوازبوونی، گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتەکەی خۆی هێناوە.''
 
بەگوتەی ئیرشاد رەشیدی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەستیان بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ مەترسییەکی بۆ سەر وڵاتەکەیان نییە و ''دەتوانن مامەڵەیەکی باشتری بۆ پەرەپێدانی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ بکەن، نەوەک تەنیا مامەڵەی ئەمنی و سەربازی.''
 
''هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەبووە''
 
ئەو شارەزایەی زانستە سیاسییەکان باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و گوتی: ''دەبێت ئەو راستییە قبووڵ بکەین، بەتایبەتی رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی بنەڕەتی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی هەبووە.''
 
وەک ئیرشاد رەشیدی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی ''متمانەپێکراو''ـی لای تورکیا و ئێران و ''ئێران سوود لە دیپلۆماسیی چالاک و توانای گفتوگۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتووی دۆخی ناوچەکە ئاگادار بێت.''
 
دوێنێ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی دیالۆگی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ـی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.