20 زیندانی کە نەخۆشیی ڤایرۆسیی جگەریان هەیە داوای لێخۆشبوونی تایبەت دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 20 سزادراو لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، کە تووشبووی نەخۆشیی ڤایرۆسیی جگەرن، داوا دەکەن لێخۆشبوونی تایبەتیان بۆ دەربکرێت. ئەوان دەڵێن، لە ماوەی رابردوودا لێخۆشبوون بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەرکراوە و "داواکارین ئێمەش لێخۆشبوونمان بۆ دەربکرێت".
 
(س.ق.ر)، سزادراوێکی تەمەن 42 ساڵە و سێ ساڵە لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە زیندانە، بە رادیۆی رووداوی گوت: " نزیکەی 20 کەسین لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی و هەموومان تووشبووی نەخۆشیی ڤایرۆسیی جگەرین. داواکارین لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت لێخۆشبوونمان بۆ دەربکەن."
 
ئەو سزادراوە گوتی: "ئەو 20 کەسە هەموومان لە دوو هۆڵدا دانراوین. لە ماوەی رابردوودا لێخۆشبوونی تایبەت بۆ ئەو سزادراوانە دەرچوو کە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەبوو. ئێمەش داواکارین لێخۆشبوونی تایبەتمان بۆ دەربکرێت و بگەڕێینەوە نێو خێزانەکانمان."
 
ئەو سزادراوانە جۆری سزاکانیان جیاوازە، بە شێوەیەک لە ساڵێکەوە بۆ 25 ساڵی تێدایە.
 
(س.ق.ر) دەڵێت: "خۆم سزاکەم چوار ساڵە، ئێستا سێ ساڵم تەواوکردووە و نزیکەی ساڵێکم ماوە. هەروەها زۆرینەی سزادراوەکان کەمتر لە ساڵێکیان ماوە؛ بۆیە داواکارین لێخۆشبوونی تایبەتمان بۆ دەربکرێت، چونکە نەخۆشییەکەمان چارەسەری نییە و (دەمانەوێت) ئەو ماوەیەی لە ژیاندا ماوین، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمان بەسەری ببەین."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "چەندین جار داواکارییان پێشکێشی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەوانیش چاوەڕێی ئەوەن لیژنەیەکی پسپۆڕ (تایبەتمەند) و تەندروستی لەلایەن حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە پێکبهێنرێت و سەردانمان بکات."