وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی نیسانی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 19-5-2025، مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.   
 
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە سەرجەمی تەمویلەکانیان لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت".
 
ئەم رۆژانە مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتەکانی دیکەش دابەش دەکرێت دوای ئەوەی لە بەغداوە پارە هات.
 
13-05-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.