126 خێزانى شنگالی گەڕانەوە زێدی خۆیان

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

126 خێزانى دیکەى شنگالی لە کەمپێکى هەرێمى کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ سنووری شنگال. بە گوێرەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 21 هەزار خێزانى ئاوارە ماون بگەڕێنەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ى ئایارى 2025، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو 126 خێزانە لە 617 کەس پێکهاتبوون و لە کەمپى خانکێ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بوون و ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە قەزاى شنگال".
 
عەلى جەهانگیر گوتى:"لەگەڵ دەستپێکردنى پشووى قوتابخانە، گەڕانەوەى ئاوارەکان زیاتر دەبێ".
 
ئەو ئاوارانەى شنگال لە هاوینی ساڵى 2014 چوونە هەرێمی کوردستان، دواى ئەوەى رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر سنوورەکەیان. 
 
عەلى جەهانگیر رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار خێزانی شنگالی کە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان بوون، گەڕاونەتەوە و 21 هەزار خێزان ماون بگەڕێنەوە". 
   
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەکاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤزیۆنێکی پێدەدات.