هاوژینی شیلان: دوایین قسەی شیلان داوای گەردن ئازایی بوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

شیلان ئیسماعیل دوای 17 رۆژ بێهۆشی گیانی لەدەستدا؛ گومان لە هەڵەی پزیشکی دەکرێت. هاوژینەکەی دەڵێت: "ئەو کاتەی کە بارودۆخی تێکچوو، لە نەخۆشخانە پێیان گوتین خوێنی بە هەڵە پێدراوە، لەبری B+ خوێنی A+ـیان پێداوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، شڤان گوللی، هاوژینی شیلان ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی 1ـی ئایار تەندروستیی هاوژینەکەم تێکچوو، بردمان بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون، ئەو کات دکتۆرەکان گوتیان پێویستە بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، ئەگەر نا خۆتان بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ دەگرن، منیش رازی بووم و واژۆم کرد کە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت."
 
شڤان دەڵێت: "دوای ئەوە پسوولەیەکیان بە مندا و گوتیان بڕۆ خوێنمان بۆ بێنە کە خوێنی خێزانەکەم B+ـە، لەسەر پسوولەی یەکەم B+ نووسرابوو، بەڵام دواتر پسوولەیەکی دیکەیان پێدام بۆ ئەوە دووبارە بوتڵێک خوێن بێنم، بەڵام ئەویان لەسەری نووسرابوو A+، بە چاوی خۆم بینیم، هاتمەوە بە براژنەکەم گوت ئاگاداریان بکاتەوە و هەڵە نەکەن خوێنی ژنەکەم B+ ـە، چونکە نەخۆشخانەی منداڵبوونە ناهێڵن پیاو بچێتە ژوورەوە، براژنەکەم گوتی پێم گوتن خەریکی مۆبایل بوون گوتیان کاری خۆمانە خۆمان باشتر دەیزانین."
 
وەک هاوسەری شیلان دەڵێت، دوای ئەوەی خوێنەکەی پێدرا تەندروستیی تێکچوو، بردمان بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە لەوێ پێیان گوتم، کە بە هەڵە خوێنیان پێداوە، سەریی بوتڵەکەیان کردەوە لە ناو تەنەکەی خۆڵەکە دەرکەوت کە خوێنی A+ـیان پێداوە، هەموو جەستەی شین ببوو."
 
شڤان گوللی، باسی دوایین قسەی هاوژینەکەی دەکات و دەڵێت: "پێش ئەوەی لە هۆش خۆی بچێت پێی گوتم، گەردەنم ئازا کە و ئاگات لە منداڵەکانمان بێت چونکە من دەمرم، لەو کاتەوە هۆشی نەما و بۆ ماوەی 17 رۆژ، دوێنێ شەو گیانی لەدەستدا."
 
شڤان گوللی دەڵێت، لیژنەیەکی تەندروستی، دادگە و مافی مرۆڤیش سەردانیان کردووین، بەڵام سکاڵامان تۆمار نەکرد، گوتمان تەندروستیی شیلان گرنگترە، ئەگەر هۆشی بێتەوە سکاڵا ناکەین، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە سکاڵا ناکەین، دوای تەواوبوونی پرسەی شیلان دادەنیشین و بڕیاری خۆمان دەدەین، چ کارێک باش بێت ئەوە دەکەین.
 
بە گوتەی شڤان گوللی، تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی هیچ قسەیەکی لەو بارەوە نەکردووە، گوتیشی بە ئەگەرێکی زۆر ئاگادارن چونکە هەواڵی شیلان زۆر بڵاوبووەوە.
 
رۆژی 1ـی مانگی ئایار، شیلان ئیسماعیل بۆ ئەوەی منداڵی حەوتەمی ببێت، سەردانی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆی کرد. بە گوتەی بنەماڵەکەی، دوای نەشتەرگەرییەکەی بە 40 خولەک، رەوشی تەندروستیی تێکچووە.
 
داواکاری گشتیی زاخۆ لەسەر ئەم رووداوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ شەش کارمەندی نەخۆشخانەکە کردووەتەوە، کە دووانیان پزیشکن.