قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت: هەوڵ دەدەین لەم هەفتەیەدا لەگەڵ پارتی کۆببینەوە
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''باسمان لەوە کردووە کە هەوڵ بدەین لەم هەفتەیەدا کۆببینەوە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-05-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومە دەکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دێڵفیی سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت بەردەوامن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، هۆشیار زێباری کە سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات، لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارە و ''لێرە باسی ئەوەمان کرد کە هەوڵ بدەین لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بکرێت، بۆ ئەوەی نزیکتر ببینەوە لە پێکهێنانی حکومەت.''
جێگری سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە گوتارەکەی سەرۆک بازرانی کە 15ـی ئایار پێشکێشی کرد، گوتی: ''سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت بە شێوەی 50٪ بە 50٪، من رێزم هەیە بۆ جەنابی کاک مەسعود، بەڵام زۆر دەمێکە حکومەت بەو شێوەیە پێکنەهاتووە، بۆیە نازانم بۆچی ئەم بابەتە هەر باس دەکرێتەوە، نایەتەوە بیرم دوایین حکومەت کە بەو شێوەیە پێکهێندرابێت کەی بوو.''
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ''داوا دەکەم لە پارتی و یەکێتی کە بە زووترین کات حکومەت لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەت پێکبهێنن. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە نەبێت، ئێمە کاری خۆمان هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام حکومەتێک تەشکیل نابێت لەسەر بنەمای 50٪ بە 50٪.''
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کە براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکەن، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، رۆژی 28ـی نیسانی 2025 لە قەزای دووکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا. پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسیان بەدەستهێنا.