رێکخراوێکی کوردی زیاتر لە 200 بیری ئاو بۆ دانیشتووانی وڵاتێکی ئەفریقی لێدەدات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستان چووەتە بەنین لە کیشوەری ئەفریقا و هاوکاریی موسڵمانانی ئەو وڵاتەی کردووە.
عەلی حوسێن، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی رێکخراوی هانای خێرخوازی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ گەیاندنی هاوکاری بە موسڵمانانی بەنین، تاوەکو گەیشتن بەو وڵاتە و دابەشکردنی هاوکارییەکان چەندین جار رووبەڕووی مەرگ بووینەوە".
کۆماری بەنین لە رۆژئاوای ئەفریقایە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی تۆگۆ، نایجیریا، بورکینا فاسۆ و نایجەر. ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە نزیکەی 10 ملیۆن کەسە.
عەلی حوسێن کە خۆی چووەتە بەنین دەڵێت: "نزیکەی 200 بیری ئاوی ئاسایی و سێ بیری ئیرتیوازییمان بە پارەی خێرخوازان بۆ موسڵمانانی گوندەکان لێدا، کە بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن، هەندێک کەس لەو وڵاتە سێ کیلۆمەتر بەپێ دەبڕن بۆ هێنانی ئاوێکی پیس".
یەکێکی دیکە لەو هاوکارییانەی رێکخراوە کوردییەکە بە موسڵمانانی ئەفریقای داوە، ژەمە خۆراک بووە. هەروەها جلوبەرگ و پێڵاویان بۆ بەشێکی منداڵان دابینکردووە.
عەلی حوسێن دەڵێت: "کەمیی بەهای پارەی ئەو وڵاتە هاوکارمان بوو، بۆ نموونە بیرێکی ئاسایی بە 200 دۆلار تەواو دەکرا؛ جلوبەرگ و پێڵاوی منداڵان هەمووی بە 12 دۆلار بوو؛ هەروەها مەڕێک بە 50 دۆلار بوو".
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی هانای خێرخوازی گوتی: "هەژاری تەنگی بە خەڵکی بەنین هەڵچنیوە، گەیاندنی هاوکاری، پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی بەرپرسانی حکومەت بوو، دەبوو بڕێک پارەیان پێبدەین پاشان رێگەیان پێدەداین کار بکەین".
رێکخراوی هانای خێرخوازی، رێکخراوێکی ناحکومیی خێرخوازییە؛ ساڵی 2009 دامەزراوە و ناوەندی سەرەکی لە شاری هەولێرە.