لە ئامەد پێشانگای ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستان پێشانگایەکی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد دەکرێتەوە، دەیان براندی جیهانیی تێیدا بەشدار دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگاکانی ئامەد بڵاویکردەوە، رۆژی 21ـی ئایاری 2025، پێشانگایەکی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلەکانی کارەبایی و هایبرێد بە بەشداری دەیان کۆمپانیای براندی جیهانی دەکرێتەوە. پێشانگەکە پێنج رۆژ دەخایێنێت.
پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی مێزۆپۆتامیا لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
حکومەتی تورکیا بایەخ بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد دەدات؛ بۆ ئەمەش تاوەکو مانگی ئاداری ئەم ساڵ 11 هەزار و 37 وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی کردووەتەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، دەیگەیێنێتە 15 هەزار وێستگە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە شوباتی 2024دا، ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە تورکیا 93 هەزار و 973 ئۆتۆمبێل بوو. لە شوباتی 2025دا ژمارەکە بۆ 208 هەزار و شەش ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرزبووەوە. بەمەش لە ماوەی ساڵێکدا خواست لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە رێژەی 121٪ زیادیکردووە.
لە شوباتی 2024دا لە سەرانسەری تورکیا چوار هەزار و 713 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشرا، کەچی لە شوباتی 2025 دا 10 هەزار و 324 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون.
پار رێژەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە تورکیا بەراورد بە فرۆشی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن، 5.7٪ بوو. ئەم ساڵ رێژەکە گەیشتە 13.6٪ و بەردەوامە لە هەڵکشان.
بۆ یەکەمجار ساڵی 2011، ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە بازاڕەکانی تورکیا فرۆشرا. ئەوکات لە سەرانسەری تورکیادا تەنیا 24 ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشران، بەڵام پار 183 هەزار و 776 ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەو وڵاتە فرۆشران.