حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگەشەی سوپای پاسداران بۆ بردنی چەک بۆ سنە رەتدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پلانی ئەوەیان هەبووە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی ببەنە نێو پارێزگای سنە، بەڵام هێرشیان کراوەتە سەر و دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنییەکەدا گیراوە. بەرپرسانی حیزبەکانیش رەتیدەکەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 18-5-2026 قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران، کە سەرپەرشتی چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە دوو پارێزگای ورمێ و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند، هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، "بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، بەنیازبوون بڕێكی زۆر چەک و تەقەمەنی بەکارنەهاتووی ئەمریکا ببەنە نێو وڵات".
 
قەرارگەی حەمز دەڵێ، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هێزانە لە پارێزگای سنە و "بڕێکی زۆریش لە چەک و تەقەمەنییەکە دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا".
 
بەڵام هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو راگەیێندراوەی سوپای پاسداران رەتدەکەنەوە. 
 
حەمە نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە جاری یەکەم نییە بانگەشەی لەو جۆرە بڵاو دەکرێتەوە. ئێستاش وەکو رابردوو رەتیدەکەینەوە".
 
حەمە نەزیف قادری ئاماژەی بەوەکرد: "ئێستا و لە رابردوویشدا هیچ چەکێکمان لە هیچ لایەنێک وەرنەگرتووە. بەشی پێویست هێز و چەکمان بۆ پاراستنی خۆمان هەیە و هەموو ئەو دەنگۆیانەشی بڵاودەکرێنەوە کە گوایە چەکی ئێمە دەستی بەسەردا گیراوە، رەتدەکەینەوە".
 
هاوکات ئارام مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی ئێران باسی دەکات کە حیزبە کوردستانییەکان ویستوویانە چەک ببەن و ئەوان دەستیان بەسەردا گرتبێت، ئێمە سەرلەبەری رەتدەکەینەوە".
 
مودەڕیسی گوتی: "ئەوەیشی گوایە ئەمریکا چەکی ناردبێ بۆ حیزبی کوردی دووبارە رەتیدەکەینەوە. ئەوەی هەیە و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێمە و حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکخستی خۆمان هەیە. ئەو قسەیەی کە چەکمان وەرگرتبێ یان هەوڵی بردنی چەکمان دابێ، رەتیدەکەینەوە".
 
هەروەها ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دەنگۆیە رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە".
 
پەناهی گوتی: "ئەوەی سوپای پاسداران دەیڵێ ناڕاستە و دەیەوێ بەو پڕوپاگەندانە ئەوە داپۆشێت کە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە سەربازگە".