بە 21 خزمەتگوزارییەوە؛ 'جودی' ژیریی دەستکرد دەخاتە خزمەت بواری یاسا
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی جودی بۆ کەسە یاساییەکان و بواری یاسا لە کوردستان دروستکراوە و بۆ پارێزەر و دادوەران و کەسانی دیکەش سودی لێ وەردەگرن.
جودی، پلاتفۆرمێکی ناحکومی یاسایی ژیریی دەستکردی کوردییە، جیاوازە لە (چات جی پی تی)، پارێزەر نیگار نادر، خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، لە ساڵی 2022ـەوە بیرۆکەکەی هەبووە، بەڵام لە 2023 کاری تێدا کرد و لە 16ـی شوباتی 2026 بە فەرمی بڵاو بووەوە.
هێمن رەسووڵ شێخە، جێبەجێکاری پڕۆژەی جودی بە رووداوی گوت: "ئەم پلاتفۆرمە هاوکاریی دادوەر و پارێزەران و کەسە یاساییەکان دەکات. لە 21 خزمەتگوزاری پێکهاتووە و تایبەتە بە بابەتە یاساییەکان، وەک راوێژکارێکی ژیریی دەستکرد دادەنرێت، یاریدەدەرە بۆ نووسینی رێنماییە یاساییەکان."
هێمن رەسووڵ بەشەکانی پلاتفۆرمەکەی خستەڕوو و گوتی: "جودی لە چەند بەشێک پێکهاتووە، بەشی پارێزەر و دادوەر جیاوازن، خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزەر و دادوەر بەردەستە، نووسینی داوا، ریکاری یاسایی لە داوا و نووسینی پارێزنامە بۆ پارێزەر. بۆ دادوەرەکان خزمەتگوزارییەکان جیاوازترە، وەک گەڕان بە دوای مادە یاساییەکان و دابەشنامەی شەرعی و زۆر لە خزمەتگوزاریی دیکە لە ماوەی تەنیا چەند چرکەیەک بەردەست دەبێت."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی جودی دەڵێت، "جودی وەک پلاتفۆرمێکی نیشتیمانی دروستکراوە، بەڵام ناتوانێ جێگەی پارێزەر بگرێتەوە، واتا ئەو بەشانەی بۆ پارێزەر بەردەستە بۆ هاوڵاتییانی ئاسایی بەردەست نییە، هەر بۆیە دەبێت پارێزەرەکان و دادوەرەکان بە ناسنامەی سەندیکای کوردستان و عێراق پلاتفۆڕمەکە بکەنەوە، تاوەکو تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان لا بەردەست بێت."
خەڵکی ئاسایی، دەتوانن ئەم پلاتفۆرمە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دەقە یاساییەکان و بابەتی میرات بەکاربهێنن.
ژیریی دەستکردی جودی لە هەردوو سیستمی ئەندرۆرید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە، وەک هەموو ئاپێکی دیکە لە ئاپ ستۆر و پلەی ستۆر دادەبەزێنرێت.