نێچیرڤان بارزانی لە ئیتاڵیا کۆبوونەوەی لووتکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین کۆبوونەوە چووە ڤاتیکان. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان بە دووقۆڵی کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە و ئاڵوگۆڕی دیارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم دەربڕی و بانگهێشتی کرد بۆ سەردانیکردنی کوردستان و عێراق.
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان باسی لە ناوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ڤاتیکان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرنج خرایە سەر پرسی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان. گوتیشی: "جەنابی سەرۆکی هەرێم دووبارەی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی فەراهەمکردنی ژیانێکی باش و دڵنیاییدان بە کریستیانەکانی کوردستان، کە ئەمە لای پاپای ڤاتیکان بایەخێکی زۆری هەیە."
دڵشاد شەهاب لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بە رۆڵی ئیتاڵیا گوتی: "ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەوەی هەستمان پێکردووە پشتگیریی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستانە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە نەبێتە لایەن لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا و نەبووە، بەڵام لەلایەن زۆر لایەن و بەتایبەتی "گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە" بە ناحەق کراوەتە ئامانج و زەرەری گەورەی پێگەیشتووە.
گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا پێشوازییەکی گەرمی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین مژاری پەیوەندیدار بە پەیوەندییە سەربازییەکان و هەماهەنگیی لەشکرییان تاوتوێ کرد.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایار، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەش کۆدەبێتەوە.