دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو؛ نەخشەرێگەیەک بۆ ئاشتکردنەوەی پارتی و یەکێتی
رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین بەهائەدین و مەسرور بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە؛ بۆ دەرچوون لە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستپێشخەرییەکی بۆ پارتی و یەکێتی کردووە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەڵێت، "من گەشبینم ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا، ئاکام و ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە چەقبەستووەی تێیدایە رزگاری بێت، کە دۆخی چەقبەستوویی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوە یاساییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان مەسرور بارزانی و سەلاحەدین بەهائەدین بوون.
دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە یەکێکیان راگرتنی هێرشی راگەیاندن و رەخساندنی زەوینەی گفتوگۆیە.
دوێنێ ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بۆ هەمان مەبەست لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە.
رووداو زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی، بڕگەی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەی قبووڵ کردووە و دەستبەجێ فەرمانی کردووە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی پارتی رابگیرێت.
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "خشتەیەکی زەمەنیمان پێشکەش کردووە کە ماوەکەی مانگێکە؛ دەکرێت سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرێت، دواتر هەنگاو بنرێت بۆ خاڵەکانی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت."
زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە و ئەم خولەی پەرلەمانیش تەنیا یەکجار کۆبووەتەوە.
لە دەستپێشخەرییەکەیدا یەکگرتوو داوای کردووە پەلە بکرێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت.
گوتەبێژی یەکگرتوو دەڵێت، هەریەک لە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی پێشوازییان لە دەستپێشخەریەکەیان کردووە.
ئێستا چاوەکان لەسەر ئەنجامی ئەم دەستپێشخەرییەی یەکگرتوون، کە ئایا دەرگا داخراوەکان دەکاتەوە، یان دۆخی سیاسیی هەروا بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە؟