گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان: لە دوو رێگەی سەرەکیدا 42 کامێرەی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی گەرمیان دەڵێ، لە رێگەی سەرەکیی کەلار–دەربەندیخان 26 کامێرا دادەنرێن و لە رێگەی نێوان کفری و کەلار 16 کامێرای چاودێریی خاڵ بۆ خاڵ دانراون. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ: "16 کامێراکەی نێوان کفری و کەلار ئەزموونین، بەڵام بەم زووانە سەرپێچی تۆماردەکەن."
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، سامان عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە جووتسایدی کەلار – دەربەندیخان 26 کامێرا دادەنرێن کە بۆ هەر سایدێکیان 13 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەبێت."
بە گوتەی کۆمپانیای جێبەجێکار، شوێنی دانانی کامێراکان دەستنیشان کراوە و پلانەکەش بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە و چاوەڕێی وەڵامن.
لەسەر رێگەی کفری – کەلاریش 16 کامێرای چاودێریی خاڵ بۆ خاڵ دانراون. سامان عەلی گوتی: "لە هەر سایدێکی 8 کامێرا دانراون و بە شێوەی ئەزموونی خراونەتە کار، بەم زووانە سەرپێچیی تۆماردەکەن."
دوای ئەوەی کامێراکان تاقیکرانەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمان بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان دەکات، بەڵام پێشوەختە شۆفێران و هاونیشتمانییان ئاگادار دەکرێنەوە.
لەبارەی دیاریکردنی خێرایی رێگەکانەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتی: "بە گوێرەی شوێنەکان دەگۆڕدرێ. بۆ نموونە، لە رێگەی کەلار – رزگاری 60 بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دیاری کراوە، بەڵام کە لە رزگاری دەچیتە دەرەوە دەبێتە 80 بۆ 100 کم لە کاژێرێکدا."