ئامادەکاری دەکرێ قەڵای زەرزەوان لە ئامەد بخرێتە لیستی میراتی جیهانییەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکاری دەکرێ بۆ ئەوەی قەڵای زەرزەوان لە ئامەدی باکووری کوردستان بخرێتە نێو لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە.
پێشهاتێکی نوێ لەبارەی قەڵای زەرزەوان لە سنووری قەزای چناری سەر بە پارێزگای ئامەد هەیە، ئەویش ئەوەیە تورکیا خۆی ئامادە دەکات تاوەکو لە کۆبوونەوەی لیژنەی میراتی جیهانیی یونسکۆ کە لە تەممووزی 2026 بەڕێوەدەچێ، شوێنەوارێکی دیکەی وەک میراتی جیهانی تۆماربکات.
لە ئەگەری پەسندکردنی، ناوچەکە لە رووی مێژوویی و گەشتیارییەوە لەسەر ئاستی جیهان سەرنجی زیاتر رادەکێشێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، ناوچەی سووری ئامەد و باخچەکانی هەڤسێل لە لیستی هەمیشەیی میراتی جیهانیی یونسکۆدان؛ قەڵای زەرزەوان و پردی مالابادیش لە لیستی کاتیدان.
کۆبوونەوەکە بڕیارە لە 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ بکرێ. دەکرێ لیژنەکە بڕیار بدات قەڵای زەرزەوان و بە ئەگەرێکی کەمتریش پەرستگەی میتراس و پردی مالاباد بخرێنە لیستی هەمیشەیی میراتی جیهانی یونسکۆوە.
قەڵای زەرزەوان
قەڵایەکی سەربازییە و دەکەوێتە نێوان ئامەد و مێردین و لە سنووری گوندی دەمیرئۆلچەکی سەر بە قەزای چنار هەڵکەوتووە.
قەڵاکە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی رۆمانی وەک خاڵی سنوور بەکارهاتووە.
هەرچەندە کاتی دروستکردنی ئەم شوێنە بە وردی نازانرێ، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە لە سەردەمی ئاشوورییەکان (882-611 پێش زایین) قەڵایەک بە ناوی (کینابو) لە زەرزەوان هەبووە کە دەکەوێتە سەر رێگەیەکی کۆن و هەربۆیە دەکرێ بۆ ئەو کاتە بگەڕێتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەکی دیکەی مێژوویی، قەڵاکە لە سەردەمی فارسەکان (550-331 پێش زایین) بۆ دابینکردنی ئاسایشی رێگەی شاهانە بەکارهاتووە.
پەرستگەی میتراس
پەرستگەیەکە دەکەوێتە نێو قەڵای زەرزەوان.
پەرستگەکە هی ئایینی میترایزمە، کە لە سەتەکانی 2 و 3ی زایینیدا لەنێو ئیمپراتۆریەتیی رۆمانی، بەتایبەتی لەنێو سەربازاندا زۆر باو بوو.
میترایزم لە سەتەی 4ی زایینی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کریستیانەتییەوە گرنگیی خۆی لەدەستدا.
ئەم پەرستگەیە یەکێکە لە دوو پەرستگەی میترازەکان لە باکووری کوردستان (ئەوەی دیکەیان لە دیلۆکە) و لە ساڵی 2017 بە رێکەوت لە قەڵای زەرزەوان دۆزرایەوە.
لیستی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی باکووری کوردستان کە لە لیستی هەمیشەیی میراتی کولتووری جیهانی لەلایەن یونسکۆ پەسندکراون:
یەکەم: ساڵی 1985 مزگەوتی گەورەی دیڤریگی لە سێواس کە بە "دارولشیفا" ناسراوە.
دووەم: ساڵی 1987، پەیکەرەکانی چیای نەمروود لە سەمسوور
سێیەم: ساڵی 2015، ناوچەی سووری ئامەد و باخچەکانی هەڤسەل لە ئامەد
چوارەم: ساڵی 2016 کەنیسەی ئانی لە قارس
پێنجەم: ساڵی 2018، پاشماوەی شوێنەوارەکانی شاری گۆبەکلی تەپە لە روها
شەشەم: ساڵی 2021 گردی مەلد "ئارسڵان تەپە" لە مەڵەتێ