دابەشکردنی زەوی لە هەولێر دەستیپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکە دەستپێدەکاتەوە. سەرۆکی شارەوانی دەڵێ، لەسەر رێگەی هەولێر – دهۆک زەوی دابەش دەکەن.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەمان دەستپێدەکاتەوە."
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات، دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای هەولێر راگیرا.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی، "دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران ئەو شوێنەیە کە بۆیان دیاریکراوە و دەکەوێتە رێگەی نێوان هەولێر و دهۆک."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سنووری پارێزگای هەولێر 73 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 20 هەزار پارچە و لە دهۆک کەمتر لە 10 هەزار پارچە و لە هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە دابەشکراون.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.