ئاسەوارە مێژووییەکانی پەرستگەی ئاناهیتای کەنگاوەر دزران

رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان

نوێنەری کەنگاوەر و سەحنە پشتڕاستی کردەوە کە ئاسەوارە مێژووییەکانی پەرستگەی ئاناهیتا لە کەنگاوەر دزراوە و دەڵێ هۆشداریی بە بەرپرسان داوە.

ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران گوتیشی چاوەڕوانی بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەن و دەبێت بەرپرسان سەبارەت بە دزرانی ئاسەوارە مێژووییەکانی پەرستگای ئاناهیتای سەربە شارستانی کەنگاوەر بەرانبەر خەڵک وەڵامدەر بن.

پەرستگەی ئاناهیتا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان و ساسانییەکان. ئەوان لە سەدەکانی ٢٥٠ی پێش زایین تا ساڵی ٦٥١ی زایینی فەرمانڕەواییان کردووە. پەرستگەی ئاناهیتا، پەرستگەی پێڕەوانی ئایینی زەردەشت بووە.

هەواڵی دزی لە مۆزەخانەی پەرستگەی ئاناهیتا دەستپێکی ساڵی هەتاوی بڵاو بۆوە، بەڵام نزیکەی مانگێک پێشتر بەڕێوەبەری گشتی فەرهەنگ و پیشەسازییە دەستییەکانی پارێزگای کرماشان رەتیکردەوە لە مۆزەخانەی پەرستگەکە دزی کرابێت. ئەو گوتی "ئەمە تەنیا هەڵەیەک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا بووە".

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، مۆزەخانەی ئاناهیتای کەنگاوەر شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە، کە بۆ دزین ببێت. تەنیا کۆمەڵێک بەرد و ستوونی تێدایە کە کێشیان چوار تا پێنج تۆن دەبێت.

ئەو هاوکات باسی لەوەش کرد کە مۆزەخانەی شارستانی کەنگاوەر پێنج ویترینی هەیە، کە دوو ساڵە هیچ بودجەیەک بۆ پاراستنی تەرخاننەکراوە.

سەعید حەیدەری تەیب، نوێنەرێکی دیکەی پارێزگای کرماشانیش پشتڕاستی کردەوە کە لە پەرستگەی ئاناهیتا چەندین ئاسەواری مێژوویی و بەهادار دزراون، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی فەرهەنگ و پیشەسازییە دەستی و گەشتیارییەکانی پارێزگای کرماشان لەجێی شەفاف بوون، ئەو پرسە رەتدەکاتەوە.