سەرۆکی زانکۆی دهۆک: کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 25 و 26ـی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی ئەو زانکۆیەش دەڵێ، "چاکسازیمان دەستپێکردووە و ناوی 22 کەسمان داوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی شوێنی ئەو راگرانە بگرنەوە کە زیاتر لە چوار ساڵە لەو پۆستەدان."
رۆژی شەممە 18-6-2022، د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک میوانی بوولتەنی کاژێر 13ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "زانکۆی دهۆک نزیکەی 30 ساڵە دامەزراوە، سەرەتا بە 149 قوتابی و دوو کۆلێژ دەستبەکاربوو، بەڵام ئێستا 19 کۆلێژی هەیە و ژمارەی قوتابییەکانی نزیکەی 23 هەزار قوتابی بەکالۆریۆس و 900 قوتابی ماستەر و دکتۆرایە و دۆخی زانستی لەو زانکۆیە بەخێرایی بەرەوپێش دەڕوات."
د. داود ئەترووشی گوتی، "ستراتیجی زانکۆی دهۆک لەسەر چەند تەوەرێک رێکدەخرێت کە بە پلەی یەکەم پەروەردەی بنیات و دروستکردنی کادیری بەتوانا بۆ پەروەردە و قوتابخانەکان و بە پلەی دووەم گرنگیدانە بە بەشی کشتوکاڵ و دواتر زانستی ئایتی."
لەبارەی گۆڕانکاری ئیداری و ئەکادیمی لە زانکۆی دهۆک، د. داود ئەتروشی ئاماژەی بەوەدا، "بەپێی رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، راگری بەشەکان نابێ لە چوار ساڵ زیاتر لە پۆستەکانیان بەردەوامبن، بۆیە ئێمە ناوی 22 کەسمان ئامادەکردووە بۆ ئەو مەبەستە و رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵامان کردوون و ئەوانیش ناردوویانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، چاوەڕوانین ناوەکان پەسند بکرێن و بە زووترین کات دەستبەکاربن."
ئاماژەی بەوەش کرد: "من بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پۆستی سەرۆکی زانکۆی دهۆکم وەرگرتووە، هەر ئەو چاکسازییەی سەرۆکی حکومەت لە سەرەتای کابینەی نۆیەم رایگەیاند، ئەگەر سەرنج بدەن دەزانن هەندێک گۆڕانکاریی بەرچاو لە زانکۆ کراون و رژدین لەسەر ئەوەی چاکسازی تەواوەتی جێبەجێ بکەین."
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی دهۆک، هەندێک بەش و کۆلێژ هەن ویستی ئێستای ئەو پارێزگایەن و لە زانکۆی دهۆک نییە و دەشڵێ: نیازمان هەیە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دابمەزرێنین و تیایدا بەشی مۆسیقا و رەنگە بەشی سینەماش بکەینەوە، بۆ ئەو داواکارییەش وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتیوانمان بووە.